عەلی بداغی
هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە بۆ جارێکی دیکە تەپڵی ڕیسوایی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لێدا. کاربەدەستانی ڕێژیم لە کاتێکدا لە بەیانییەوە بنکەکانی دەنگدان پەپوویان لێ دەخوێند، بەڵام بە درۆی بۆ هەموو کەس سەلماوی شاڵاوی چوونی خەڵک بۆ بنکەکانی دەنگدان، کات و ماوەی دەنگدانیان بۆ ١٢ی شەو درێژ کردەوە؛ بۆوەی بەیانیی ڕۆژی هەڵبژاردنەکان ئاستی بەشداریی خەڵک سەتا ٤٠ ڕابگەیەنن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا ئاستی بەشداریی خەڵکی سەتا ٤٠ ڕاگەیاندوە کە بۆخۆی باشتر لە هەموو کەس و لایەنێک دەزانێت نیوەی ئەوەندەش دەنگ نەخراوەتە سندووقەکانەوە. ئەوەش با بمێنێت کە خامنەیی پێشتر لە هێرشێکی توند بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاواییدا گوتبووی نەنگ و عارە لەو شوێنانەی هەڵبژاردنەکان بە بەشداریی سەتا ٤٠ی خەڵک بەڕێوە بچن و لەو شوێنانە دەسەڵات هیچ ڕەواییەتێکی نییە! خۆ ئەگەرچی ئاستی بەشداریی سەتا ٤٠ و کەمتر لەوەندەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی کراوەی دێموکراتیکدا بەهۆی متمانەی خەڵک بە نیزامی سیاسی تەواو ئاساییە، بەڵام بۆ وڵاتانی دیکتاتۆریی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران سروشتییە لە زار تفینی بەشداریی سەتا ٤٠یش ببێتە هۆی شایی و لۆغانی دەسەڵات، کە وەک گوترا ئەو ئامارە ئەسڵ و ئەساسی نییە و بەشداریی ڕاستەقینە زۆر لەوە کەمتر بووە کە پێوەی نراوە.
بەڕێوەچوونی ساردوسڕترین هەڵبژاردنەکانی هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامی پەیامێکی ڕوونی هەم بۆ کۆماری ئیسلامی و هەم بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی هەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چلوچەند هەڵبژاردنی ڕابردوودا هەمیشە لە سبەینێی ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەکاندا عەدەد و ئەژمارە ڕاگەیەندراوەکانی بەشداریی خەڵکی بە دەستبەری شەرعییەتی سیاسیی خۆی دادەنا کە لەلایەن خەڵکەوە پێی دراوەتەوە. خۆ لەگەڵ ئەوەشدا کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوو خەڵک زۆر جار لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە بە دەنگدانی واتادار، چ بە هەڵبژاردن لەنێوان خراپ و خراپتردا و چ بە دەنگنەدان بە بەربژێرێک کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی سیاسیی دەسەڵاتی کردوە هەم دژایەتیی حکوومەتیان کردوە و هەم دەرفەتیان بە ڕێژیم داوە پەیامەکانی سندووقەکانی دەنگدان بۆ وەرسووڕانی سیاسی وەرگرێت؛ بەڵام ١١ی ڕەشەمە بزماری کۆتایی لەو تابووتە بوو. خەڵکی ئێران لە هەینیی گەورەی ١١ی ڕەشەمەدا بە دەنگێکی هەرەبەرز گوتیان کە ڕێژیم پەتەی سووتاوە و چیدی دەرفەتی گۆڕان لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە بە حکوومەت نادەن و بە پشتتێکردنی یەکجاری لە تەواوەتیی ڕێژیم ڕێگاکانی دیکەی گۆڕینی چارەنووسی سیاسیی خۆیان دەگرنەبەر. هەر ئەوەش پەیامێکی بێگرێوگۆڵ بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم و هاوکات کۆمەڵگەی جیهانییە کە ئێمە لەو ڕێژیمە تێپەڕیوین، ئێوەی ئۆپۆزیسیۆنیش پێویستە تا زووە بە یەکگری و هاوپێوەندییەوە بچنە نێو فازی ڕاگەیاندنی ئاڵترناتیڤی ڕێژیم. وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانییش لە بەرژەوەندەیی خۆیاندایە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران ببیستن و پشتی جووڵانەوەی هەراوی دژبە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئەو وڵاتە بگرن.
پەیامێکی دیکەی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە لەو دەنگە سپییانەدا دەخوێندرێتەوە کە لەو کەمە بەشدارییەشدا خراوەتە سندووقەکانەوە. لە زۆربەی شارەکان ئەژماری دەنگەسپییەکان ئەوەندە زۆر بووە کە لە دوای کەسی براوە لە ڕیزی دووهەمدا جێی گرتوە. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئەگەر ئێستاش کەسانێک هەبوون بە هەر هۆکارێکی زاندراو و نەزاندراو ناچار بە چوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان بوون، بەڵام ئەوانیش بە دەنگدانی سپی ناڕەزایەتیی توندی خۆیان لەو ڕێژیمە پێشان داوە و ئامادە نەبوون بەڵێ بۆ هیچکام لە هەڵبژاردەکانی دەسەڵات بڵێن؛ واتە ئەوانیش لە دۆخی قەیرانی ئازادی و نەبوونی ئەمنیەتی ژیان و کارییشدا لە قۆناغی هەڵبژاردن لەنێوان خراپ و خراپتر تێپەڕیون.
دۆخی ئێرانی دوای ١١ی ڕەشەمە بۆ هەمووان ڕوون بۆتەوە. کاتێک خەڵکی وڵاتێک نەتوانن لەڕێگەی نوێنەران و بەناو نوێنەرانیانەوە، یان بەهۆی سندووقەکانی دەنگدانەوە پەیام و داخوازیی خۆیان بە دەسەڵات بگەیەنن، شوێنیتر و ئامرازیتر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان دەستنیشان دەکەن کە سەرشەقامەکانن. بێشک ١١ی ڕەشەمە و بایکۆتی بەناوهەڵبژاردنەکان وەک نایەکی گەورە بە ڕێژیم و دانانی خاڵی کۆتایی لەسەر چوار دەیە شکست و هەرەسی سیاسیی دەسەڵات ڕێفڕاندۆمێکی دیکەی نا بە کۆماری ئیسلامیی خستەوە بەر چاوی هەموو کۆمەڵگەی جیهانی. کاربەدەستانی ڕێژیم کە دوای ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و جووڵانەوەی ژینا بناغەکانی دەسەڵاتەکەیان بەتەواوی وەلەرزە کەوتبوو، بەتەمای ئابڕووکرێنەوە بە ئاکامی دڵخوازیان لە هەڵبژاردنەکان بوون. بەڵام ئەوەی لە ماوەی ڕێژیم لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی ئاکام و پێشاندانی شەرعییەتی خەڵکی بە دنیای دەرەوەدا و بە هەموو تەونوبەستێک ڕستبووی، خەڵک هەمووی لێ کردنەوە خوری.
مێژوو دووپات دەبێتەوە و خامنەیی ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە باشتر لە هەر کاتێک دەنگی شۆڕشی خەڵکی ئێرانی بیست، ئەو ڕۆژەی دوابزمارەکانی لە تابووتی دیکتاتۆریی ڕێژیم دا. لەم ڕووەوە ئەو دەنگە "نا" بەرزەی خەڵک بە کۆماری ئیسلامی ئەرک و بەرپرسایەتییەکی قوورسیش بۆ حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دروست دەکا هەتا بەبایەخەوە دەسکەوتەکانی ١١ی ڕەشەمەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بکەن بە دەسمایەی تیندانی خەباتی سەراسەری و دروستکردنی ئاڵترناتیڤێک بۆ تێپەڕین لە ڕێژیم.