کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید دەستخۆشیی لەو کەسانە کرد کە بە هانای خەڵکی بەلووچستانەوە چوون

11:28 - 19 رەشەمه 2723

بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ وەش، ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەمە، مەولەوی عەبدولحەمید، لە وتاری ڕۆژی هەینیی خۆیدا بە ئاماژەکردن بە هاتنی لافاو لە باشووری بەلووچستان، دەستخۆشیی لەو کەسانە کرد کە لە دوای ئەم ڕووداوە بە هانای خەڵكی لێقەوماوی بەلووچستانەوە چوون و یارمەتییەکانی خۆیان بە خەڵکی لافاولێدراو گەیاند.

ناوبراو لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: لافاوێک کە لەم دواییانەدا شاری دەشتیاریی گرتەوە خەسارێکی زۆری بەدواوە بوو، بەڵام پێڕاگەیشتنی خەڵک لەم ڕووداوەدا زۆر باش بوو. ئێمە دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بە هەر شێوازێک یارمەتیی خەڵکی بەلووچستانیان دا و سپاسیان ئەکەین.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێستا گرینگترین پێداویستیی خەڵکی دەشتیاری دروستکردنی لەمپەر بۆ پێشگرتن بە لافاوەکەیە. ئەو ژێرخانانە کە تێکشکاون دەبێ چاک بکرێنەوە و ئەمەش پێویستی بە ماشینی قورس هەیە.

مەولەوی عەبدوڵحەمید لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم کردووە و ڕایگەیاندووە: زۆرینەی خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرد، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بۆ ئەو بابەتانەی کە لەلایەن خەڵكەوە گلەییان لەسەرە، خەسارناسی نەکراوە و ئەمە ناڕەزایەتیی خەڵکی بەدواوە بووە.