کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ١٥٦ ژن لە ماوەی ساڵێکدا لە ئێران

09:09 - 19 رەشەمه 2723

ڕێکخراوی "ستۆپ فێمساید ئێران" لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زاینییدا ١٥٦ ژن لە ئێران کوژراون.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئەم دامەزراوە لە ٩٢ لەسەدی ژنکوژییەکانی ساڵی ڕابردووی زایینی، بکوژەکە کەسی ناسیاوی کوژراو بووە کە لە نیوەی حاڵەتەکاندا بە دەستی هاوسەری ژنەکان و ٥٧ حاڵەتیش بە دەستی خزم و کەسی نزیکی ژنان بووە.

مەرجان کەیپوور دامەزرێنەری ڕێکخراوی " ستۆپ فێمساید ئێران" و چالاکی مافی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە ڕاپۆڕتەکەی ئەم دامەزراوە بەبۆنەی ٨ی مارس وتی: دەبێت هەموو پێکەوە بە دژی ژنکوژی لە ئێران خەبات بکەین و زیاتر پشتیوانی مافی ژنان بین و بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان یەکگرتوو بین.

کەیپوور ڕایگەیاندووە کە ٤٣ لەسەدی قوربانییەکان لە ژنانی تەمەن ١٥ تا ٣٥ ساڵ پێکهاتوون و ناو و نیشانی دوو لەسەر سێی ژنانی کوژراو ئاشکرا ناکرێت.

ناوبراو زیادی کردووە کە پارێزگای تاران بە ڕێژەی ٣٠ لەسەدی ژنکوژییەکان پلەی یەکەمی لە ئێراندا هەیە و کێشەی کۆمەڵایەتی سەرەکیترین هۆکاری ژنکوژییەکانە.

"ستاپ فێمساید ئێران" ڕێکخراوێکی تایبەتە و بە ئامانجی خەبات بە دژی ژنکوژییەکانی ئێران لە نیۆیۆرک دامەزراوە.

بەپێی یاسای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەگەر ژنێک لەلایەن باوکی خۆیەوە بکوژرێت بە تاوان لەقەڵەم نادرێت و ئەگەر بکوژ هاوسەر یان کەسی نزیکی ژنەکە بێت، بەپێی یاسای سزای ئیسلامیی ڕێژیم، دەتوانێت بە بیانووی "نامووس" یان گومان لە "پێوەندیی ناشەرعی" خۆی لە سزای تاوانەکەی بپەڕێنێتەوە.