کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی بەڕێوبەری مێترۆی تاران و نوێنەرێکی مەجلیس لەلایەن کاناداوە

09:29 - 19 رەشەمه 2723

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژن، دەوڵەتی کانادا دوو کاربەدەستی دیکەی ئێرانی لە پێوەندیی لەگەڵ سەرکوتی توندوتیژانەی ژنان، سزا دا.

وەزیری دەرەوەی کانادا ڕۆژی هەینی هاوکات لەگەڵ ٨ی مارس ڕایگەیاند کە دەوڵەتی کانادا "مەسعوود دۆرۆستی" بەڕێوبەری مێترۆی تاران و "زۆهرە ئێلاهیان" بەناو نوێنەری تاران لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی بە هۆی بەشداری لە سەرکوتی توندوتیژانەی ژنان و کچانی ئێران، سزا داوە.

نووسینگەی وەزیری دەرەوەی کانادا لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە کە دوو کاربەدەستی بۆ سەرکوتی توندوتیژانەی ژنان و کچان کەڵکئاوەژوویان لە پێگە و بەرپرسایەتیی خۆیان وەرگرتووە.

 لەو بەیاننامەدا هاتووە "مەسعوود دۆرۆستی لە سیستەمی گواستنەوەی گشتیدا یاسای حیجابی زۆرەملێ بەڕێوە دەبات و زۆهرە ئێلاهیان خوازیاری سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی ژینا بووە".

مۆرەکانی ڕێژیم لەژێر ناوی "حیجاببان" پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە مێترۆی تاران جێگیر کراون و بە شێوازگەلێکی توندوتیژانە و نامرۆڤانە بە بیانووی پۆششەوە، سەرکوتی ژنان و کچان دەکەن.

پاش کوشتنی ژینا ئەمینی دەوڵەتی کانادا ١٥٥ کەس و ٨٧ دامەزراوەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی سزا داوە.