کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەت دژی مرۆڤایەتیی ڕێژیمی ئێران لە سەرکوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا

09:52 - 19 رەشەمه 2723

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەمە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، یەکەمین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە شۆڕشی ژینای بڵاو کردەوە و سەرکوتی بێبەزەییانەی ئەم شۆڕشەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە "جینایەت دژی مرۆڤایەتی" ناو برد.

لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکاندا، هاتووە کە سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و هەڵاواردنی گشتگیر دژی ژنان و کچان بووەتە هۆی پێشێلکردنی جیددیی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە کە زۆربەی نیشاندەری جینایەت دژی مرۆڤایەتییە.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، کوشتن، لەسێدارەدانە سەروویاساییەکان، کوشتنە نایاساییەکان، کەڵکوەرگرتنی ناپێویست و سەرەڕۆیانە لە هێزی زۆر، زەوتکردنی مافی ئازادی، ئەشکەنجە، دەستدرێژی، بێسەروشوێنکردن و ڕاوەدوونان و هەروەها ئازاری ڕەگەزیی لە گرینگترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ و جینایەت دژی مرۆڤایەتی و جینایەت لەژێر یاسای نێونەتەوەی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ژینادا ناو برد.

ئەم کۆمیتە سەربەخۆیە جەختی کردەوە کە پیشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە بەتایبەت مافی ژنان، منداڵان و کەمینە ئێتنیکی و دینی و مەزهەبییەکانی لەخۆ گرتووە و ڕاوەدوونان و ئازاردانی ڕەگەزی و هەڵاواردن، لەگەڵ شوناسی ئێتنیکی و دینی تێکەڵاو بووە.

لەم ڕاپۆرتەدا، سارا حوسێن، بەرپرسی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، ڕایگەیاند: ئەمانە تەنیا بەشێک لە هێرشی بەربڵاو و ڕێکخراو دژی حەشیمەتی سێڤیلی ئێران، لەوانە ژنان، کچان، کوڕان و پیاوان بووە کە خوازیاری ئازادی، یەکسانی، کەرامەتی مرۆیی و وڵامدەربوونی جینایەتکاران و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ بوون.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان هەروەها "توندوتیژیی فیزیکی"ی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد لە ماوەی دەسبەسەرکرانی ژینا ئەمینیی بە هۆکاری نایاسایی کوژرانی ئەم کچە ناو برد و ڕایگەیاند کە ڕێژیم لە جیاتی لێکۆڵینەوەی خێرا و دروست لەم پێوەندییەدا، ڕاستییەکانی شاردەوە و مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دادپەروەریشی زەوت کرد.