کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهید خەلیل خەلەبان لە کرماشان

15:45 - 19 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەمە، خاتوو تووبا زەرعی سەحراگەرد، دایکی شەهید خەلیل خەلەبان لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.

دایە تووبا کچی خوالێخۆشبوو نەسروڵڵا زەرعی سەحراگەرد و خێزانی خوالێخۆشبوو یەدوڵڵا زەڕ و دایکی فەرماندەی بەوەج و فیداکار شەهید خەلیل زەڕ ناسراو بە خەلیل خەلەبان فەرماندی هێزی داڵاهۆ بوو.

دایە تووبا یەکێک لەو ژنە خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەرانە بوو کە بۆ بەردەوامبوونی کوڕەکەی لە خەبات و تێکۆشان دژی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام هاندەری کاک خەلیل خەلەبان بوو .

شەهید خەلیل خەلەبان لە ئورووپاوە گەڕایەوە کوردستان و پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت. لە دەڤەری ورمێ و دواتریش لە هێزی بەیان لە دەڤەری بۆکان و موکریان چالاکانە لە حیزبی دێموکراتدا ڕۆڵی بینی، هەر بەم هۆیەوە بنەماڵەکەی کەوتە ژێر گوشاری هێزەکانی ڕێژیم، ئەم گوشارانە وایان کرد کە دایە تووبا چەندین جار بە نهێنی نامە بۆ کوڕەکەی نارد و پێی وت: ڕۆڵە سەنگەری پێشمەرگایەتی چۆڵ نەکەی، ئەم ڕێژیمە جێی باوەڕ نییە.

دایە تووبا هەتا دوایین ساتەکانی تەمەنی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕەکەی شەهیدەکەی مایەوە.

تەرمی دایە تووبا ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕەشەمە، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و لەنێو ئاپۆڕای جەماوەردا لە باخی فیردەوسی کرماشان بە خاک ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.