کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ئەندامێکی سپای قودس لە پێرۆ

11:29 - 20 رەشەمه 2723

ئەندامێکی لقی قودسی سپای پاسداران پێش لە ئەنجامی تێرۆری هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لە پێرۆ دەسبەسەرکرا.

پۆلیسی پێرۆ ڕایگەیاندووە کە ئەندامێکی سپای قودسی لەگەڵ دوو هاووڵاتیدا دەسبەسەر کردووە کە خەریکی ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ تێرۆری بازرگانێکی ئیسرائیلی لەو وڵاتە بوون.

بەپێی یەکەم ڕاگەیەندراوی پۆلیسی پێرۆ "مەجید عەزیزی" تەمەن ٥٦ ساڵ کە لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە ناسنامەی پێرۆی وەرگرتووە، لە هەوڵدا بووە تاکوو هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لە چوارچێوەی دانیشتنی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای ئارام تێرۆر بکات.

بەڵام دواتر نووسینگەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای ئارام لە پێرۆ ڕایگەیاند کە دەسبەسەرکرانی مەجید عەزیزی پێشی بە تێرۆرکردنی بازرگانێکی ئیسرائیلی گرتووە و پێوەندیی بە تێرۆری بەرپرسی ئیسرائیلییەوە لە دانیشتنەکانی ئەو ڕێکخراوە نەبووە.

وتەبێژی پۆلیسی پێرۆ ڕایگەیاندووە کە دەسبەسەرکردنی عەزیزی دەبوو بە خێرایی ئەنجام بدرێت چونکە ناوبراو لە هەوڵدا بووە کە پاش ڕێکخستن بۆ تێرۆرکردنی هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکە بە زووترین کات پێرۆ بەجێ بهێڵێت.

پۆلیسی پێرۆ زیادی کردووە کە عەزیزی بە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان دەسبەسەر کراوە و هەوڵەکان بۆ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی پێرۆ کە لەگەڵیان هاودەست بووە  بەردەوامە.

پێشتریش سپای پاسداران هەوڵی کوشتنی هاووڵاتی و بازرگانە ئیسرائیلییەکانی لە وڵاتانی دیکە وەک قێبرێس و تورکیە دابوو کە پێش بە ئەنجامگەیشتن پووچەڵ کراونەتەوە.