کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران

12:37 - 20 رەشەمه 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی شەممە ١٩ڕەشەمە، کۆمەڵێک کرێکاری گرێبەستی گازی پارس لە بەردەم بینای پاڵاوگەکانی پارسی باشووری، ژمارەیەک لە کرێکارانی بەشی ئاو و ئاوەڕۆی شووش لە شوێنی کارەکەیان، کۆمەڵێک کارمەندی شارەوانیی ئەهواز لە بەردەم بینای فەرمانداریی ئەم شارە و هەروەها کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئێران لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە لە تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، هاوکات، ژمارەیەک لە جووتیارانی لە بەردەم بینای پارێزگاری لۆڕستان کۆبوونەوە و ناڕزایەتیان دەربڕی.

ژمارەیەک لە کرێکارانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شووش لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان مانیان گرت و لە شوێنی کارەکانیان کۆ بوونەوە.

هاووڵاتیان بە هەڵگرتنی بەنێر و پلاکارد و وتنەوەی دروشم، سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان، هاوساننەکردنی مووچەکانیان، هەڵاوسان و گرانی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و کرێکاران حەفتانە ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.