کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١ ژنی بەندکراوی سیاسی: ئاشکراکردنی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەتوانێ ڕێگەخۆشکەر بۆ خەبات دژی هەڵاواردن و ستەم بێت

14:47 - 20 رەشەمه 2723

١١ ژنی بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین، لە نامەیەکدا وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژن، لەسەر ئاشکراکردنی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە درێژەی خەبات دژی هەڵاواردن و ستەم جەختیان کردەوە.

ئەم ١١ بەندکراوە سیاسییە ٨ی مارسیان بە ڕۆژی یەکگرتوویی جیهانی بۆ بەدیهاتنی یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان دژی هەموو شێوازەکانی ستەم و هەڵاواردن زانی.

واژۆکەرانی ئەم نامەیە ڕایانگەیاندووە کە یاساکان و کردەوە دژەژنەکان ڕواڵەتی ئاشکرا و شاراوە و لە هەمان کاتدا سازماندراویان هەیە کە لەگەڵ تانوپۆی کۆمەڵگە تێکەڵ بوونە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بەتایبەتیش لە ئێران و ئەفغانستان، لەژێر سێبەری دەسەڵاتدارێتی سەرکوتکەردا شێوازێکی نوێیان لەخۆ گرتووە.

ئەم بەندکراوانە جەختیان کردووەتەوە کە ئاشکراکردنی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەتوانێ ڕێگەخۆشکەر بۆ خەبات دژی هەڵاواردن و ستەم بێت.

لە بەشی کۆتایی ئەم نامەیەدا هاتووە کە بە یەکگرتوویی، ڕۆشنگەری، ئاگایی و تێگەیشتن لە چارەنووسی هاوبەش دەتوانین سەرکەتووی ئەم شەڕە مێژووییە بین.

شایەنی ئاماژەپێکردنە کە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، نەرگس محەممەدی و سپیدە قۆلیان لە واژۆکەرانی ئەم نامەیەن.