شەماڵ تەرغیبی
پاش ماوەیەکی دوورودرێژ و هەڵدوورینی کیسە بۆ بەناوهەڵبژاردنی خولی یازدەیەمی مەجلیس لە ئێراندا و هەروەها دانی وادە و بەڵێنی زۆر و هەڕەشە لە مووچەخۆرانی حکومەتی و گرتنەبەری ڕێکار و فرتوفێڵی جۆربەجۆر بۆ پەلکێشکردنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی جادوو، ڕێکەوتی یازدەی ڕەشەمە ئەم نمایشەش بەڕێوە چوو. هەروەک وەک چاوەڕوانیش دەکرا لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی خەڵک ئاگایانە نەچوونە سەر سندووقەکان و جارێکی تر بە کردەوە سەلماندیان کە بەرەی خەڵک لە بەرەی دەسەڵات جیایە!
شانۆگەری ئەمجارە کە بە یەکێک لە ساردوسڕترین شانۆگەرییەکان لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەژمێردرێ لە کوردستاندا جیاوازییەکی بەرچاوی هەبوو؛ گەلی کورد حەماسەیەکی کەموێنەیان خوڵقاند کە شیاوی ناوی کورد و کوردستانە! حەماسەی بایکۆت؛ حەماسەیەک لە ڕەنگ و ڕەگەزی حەماسەکانی مانگرتنی 21ی خەرمانان و هاوکاری کردنی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان و لێقەوماوانی لوڕستان کە تێیدا بێدەنگی بووە بەرزترین هاوار بۆ مافخوازی.
بەپێی دوایین ڕاپۆرت و هەواڵە مەیدانییەکان، کوردستانیانی دەروەست ڕۆژی هەینی، بە مانەوە لە ماڵەکانیان و نەچوونەدەر و دەنگنەدان لە دوو ڕەهەندەوە کۆماری فرتوفێڵیان بەچۆک داهێنا و دیکتاتۆری زەمانەیان ڕاچڵەکاندەوە و وەبیریان هێنایەوە کە کوردستان هێشتا هەر سەنگەری ئازادیخوازییە و لەدژی جەماران قورس و قایم بەپێوە ڕاوەستاوە. ڕەهەندی یەکەم کە خاوەن گرینگی تایبەتی خۆیەتی، بریتی بوو لە سەلماندنی ئیرادەی بوون و نەتوانەوە کە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە لەلایەن ڕێژیمەوە هەوڵی بۆ دەدرێت؛ کوردستانیان سەلماندیان کە "نا"وتن لەبەرامبەر زۆردار و داگیرکەر، ئیرادەیەکە کە ئەوان خاوەندارەتی دەکەن. دووهەم ڕەهەندیش بریتییە لەوەیکە کۆماری ئیسلامی لای خەڵکانی ئێران هیچ ڕەواییەکی نەماوە و ئەمەش لە حەماسەی بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆگەرییەکەدا بە تەواوی دەردەکەوێ.
دوایین ئامارە فەرمی و نافەرمییەکانیش دەریدەخەن کە ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەموو ئێراندا، لە بەناوهەڵبژاردنەکانی یازدەی ڕەشەمەی مەجلیس نەگەیشتووەتە ٢٠٪ کە ئەمە دەریدەخات تەنانەت هەندێک لە تاقمە نیزیکەکان لە دەسەڵاتیش ئامادە نەبوون دەنگی ڕەوایی بە ڕێژیمێک بدەن کە هۆکاری نەهامەتییە ڕۆژانەکانی خەڵکانی ئێرانە و ئەو کەتوارەیان سەلماندەوە کە ڕەوایی و مەشروعییەت نە بە پارە دەکڕدرێ و نە بە زۆر و ستەم دابین دەکرێ.
ئەوەیکە ڕوونە کۆماری ئیسلامی لە گشتییەتی خۆیدا لەگەڵ قەیرانی شوناس بەرەوڕوو بووەتەوە؛ قەیرانێک کە سیگناڵی کۆتاییەکانی تەمەنی دیکتاتۆرێکی تری سەردەم ئەدا بە دەستەوە و دەڵێ: ڕووخانی دیکتاتۆرێکی تر بەڕێوەیە!
بەگشتی ٨٠٪ ی دانیشتووانی یەکەی سیاسی – جوغڕافیایی ئێران بەڕاشکاوی دژی ڕێژیم ڕاوەستان.
هەرچەند کە ڕاگەیەنە فەرمییەکان و میدیاکانی سێبەری ڕێژیم هەوڵ دەدەن وەها پیشان بدەن کە خەڵک بە حەماسەتەوە بەشدارییان لە شانۆگەرییەکەیان کردووە و بە دنیای دەرەوە بڵێن کە ڕێژیم رێژیمێکی مەشروووعە بەڵام بەپێی زانیارییە بڕواپێکراوەکان، لەسەرتاسەری ئێراندا نزیک بە ٢٠٪ی خەڵک بەشدارییان لە دەنگداندا کردووە. ئێستە لەوە گەڕێین کە ڕێژەیەکی زۆری بەشداربووان تەنیا لە ترس و لەبەر هەندێ بەرژەوەندیی عەشیرەییدا بەشدار بوون یان ڕێژیم بێ گوێدان بە تەمەنی دەنگدەران و تەندرووستی عەقڵانی دەنگدەران ڕێگەیان دا کە هەموو کەس بەشدار بێت، بەڵام زیاتر لە ٨٠٪ی کۆمەڵگەی ئێران، شانۆگەریی ئەمجارەی ڕێژیمیان بایکۆت کرد.
لەڕاستیدا زیاتر لە ٨۰٪ی خەڵک بەڕاشکاوی و بێ ترس دژی ڕێژیم و قسەکانی خامنەیی هەڵوێستیان گرت و پێیان وت : "نا". ئەمە کەتوارێکە کە ئەزموون کراو! کەتواری نەمانی ڕەوایی دیکتاتۆر و نیزیکبوونەوە لە کۆتاڕۆژەکانی تەمەنی! کەتواری ڕووخانی یەکجارەکی ڕێژیمێک کە هۆکاری نەهامەتییەکانی خەڵکی خۆی و خۆشبژێوی تاقمی گوێ لەمستی خۆیەتی! ئەو ڕێژیمەی کە بەتایبەت لە ڕەوتی شۆڕشی ژن،ژیان، ئازادیدا چیدیکە نەیتوانی چییەتی ڕاستەقینەی خۆی بشارێتەوە و بە پانەوە لە دژی خەڵکی بێدیفاعی مافویست وەستا.