کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسپۆرتی ئێران لە نێوان ١٩٩ وڵاتدا لە پلەی١٩٠دایە

11:57 - 21 رەشەمه 2723

ناوەندی ڕاوێژکاریی "نۆمەد کاپیتالیست" لە دوایین پلەبەندی پاسپۆرتی وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا لە ڕووی پێوەرەکانی وەکوو یاساکانی باج، هاوسۆزیی جیهانی، دوو هاوڵاتیبوون و ئازادیی کەسی ڕایگەیاندووە کە پاسپۆرتی ئێرانی لەگەڵ هەبوونی هەموو ئەو حاڵەتانە لە نێوان ١٩٩ وڵاتی جیهاندا لە بواری لاوازییەوە لە پلەی ١٩٠دایە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو ناوەندە بە پاسپۆرتی ئێرانی و بە بێ ویزا تەنیا دەتوانرێ سەردانی ١١ وڵات بکرێ و بەگشتی بە وەرگرتنی ویزا لە فڕۆکەخانە یان بە شێوەی ئەلیکترۆنی تەنیا دەتوانرێت سەردانی ٤٤ وڵاتی پێ بکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاووڵاتییانی ئێرانی لە کاتی چوون بۆ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتەکان لەلایەن بەرپرسان یان خەڵکی ئەو وڵاتانەوە بەرەوڕووی هەڵسوکەوتی نەشیاو دەبنەوە و هەروەها بۆ ئێرانییەکان قەدەغەکراوە کە ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان هەبێت و هاووڵاتییانی ئێران ئاستێکی نزم لە ئازادی ئەزموون دەکەن.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە کۆی گشتیی ١٩٩ وڵاتی جیهان، دوای سویس، پاسپۆرتی ئیرلەند و پورتغاڵ لە پلەی دووەم و سێیەمدان، و پاسپۆرتی ئەفغانستان کەمترین پلەی بەدەست هێناوە و لە دوایین پلەدایە واتە پلەی ١٩٩، پاسپۆرتی عێراق و یەمەنیش وەک لاوازترین پاسپۆرت لە دوای ئەو وڵاتە ناسێنراون.