سمایل شەرەفی
لە کەس شاراوە نەبوو کە بازاڕی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە لە هەمیشە سارد و سڕتر دەبێت و خەڵک لە هەموو شار و ناوچەکانی ئێران بە نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان لە مەیدانێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەیسەلمێنن بزووتنەوەی مافخوازانەیان بەرینتر و لێبڕاوانەتر درێژەی هەیە. تەنانەت کاربەدەستانی ڕێژیم و لە سەروو هەمووانەوە عەلی خامنەیی ڕوونتر لە تووڕەیی و بێزاریی خەڵک لە خۆی و نیزامە دیکتاتۆرەکەی تێگەیشتبوو، بۆیە هەموو هەوڵێکی خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک ئەم بازاڕە گەرم بکات. بەڵام وەک دیترا؛ نەتەنیا بۆی نەچووە سەر، بەڵکوو بەژانتر لە جاران پێی سەلمێندرایەوە کە لانیکەم لە ڕووی زەینییەوە، خەڵک لەمێژە لە تەواویەتیی ئەم ڕێژیمە تێپەڕیون.
ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاویدا دوورییەوە، ئاکامی ئەو هەڵوێست و هەڵسوکەوتە سەرکوتکارانەیە بوو کە لانیکەم لە دە ساڵی ڕابردوودا بەرانبەر بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەخۆی نیشانی داوە. بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینادا کە وەڵامی ناڕەزایەتییە هێمنانە و مەدەنییەکانی گەلانی ئێران بە هێرشێکی تەواوعەیاری نەک هەر پۆلیسی، بەڵکوو سەربازی دایەوە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی سپا و بەسیج و هێزە بێسەرەوبەرەکانی ڕێژیم بە - فەرمانی خودی عەلی خامنەیی - بە پانەوە تیایدا بەشدار بوون. تەنیا لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە هەزاران کەس لە خۆپێشاندەرانی سەر شەقامەکان شەهید و بە دەیان هەزار کەس بریندار و نزیک بە سەد هەزار کەس دەستبەسەر کران، کە هەزاران کەسیان حوکمی ناڕەوای قورسیان بەسەردا سەپێندراو نزیک بە ١٥ کەسیان لەسێدارە دران.
بۆیە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە کە دەتوانین بە درێژکراوەی بزووتنەوەی ژینای ناو ببەین، لە شێوەی خۆیدا بزووتنەوەیەکی دیکەی سیاسی بوو کە خەڵک بە نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان و هەروەها دانی دەنگی بەتاڵ، ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران وەستانەوە.
بزووتنەوەی بایکۆتی ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەر تەنیا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی خولی دوازدەهەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی و خیبرەگانی ڕێبەری نەبوو، بەڵکوو "نا" گوتنێکی ئاشکرا و مانادار بە کۆی ڕێژیمی لە ڕەوایی کەوتووی کۆماری ئیسلامی بوو. بزووتنەوەیەک کە زیاتر لە ٧٠٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە لە سەرانسەری وڵاتدا تیایدا بەشدار بوون. بزووتنەوەیەک کە لە ڕووی ڕێژەی بەشداربووان تیایدا، لە ڕیزی گەورە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ٤٥ ساڵی ڕابردوو لەئاستی سەرانسەری دژبە کۆماری ئیسلامی جێدەگرێ. بزووتنەوەیەک کە لە ڕووی زەینی و کردەی سیاسییەوە خاوەنی گەورەترین پشتیوانەی یەكێتی و یەکگرتوویی نێوان گەلانی ئێرانە.
بۆیە جێی خۆیەتی نوخبەی سیاسی لە سەر ئاستی هێزە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لەنێوخۆی وڵاتدا پێویستە بە گرینگییەوە لە بزووتنەوەی بایکۆت بڕوانن و وەک بڕگەیەکی مێژوویی هەرە پڕپتانسێل لە هێز و هوشیاری، بەتایبەت لە بەستێنی یەکگرتوویی نێوان خەڵک لە ئاستی سەرانسەریدا پشتی پێببەستن. خەڵک بە وشیاری و وریاییەوە ڕێگای دروستی ڕووبوڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتیان دۆزیوەتەوە و لە هەر دەرفەت و مەجالێکدا کە خۆیان بە گونجاوی بزانن ڕەفتاری شیاویان لەخۆ نیشان داوە و نیشان دەدەن. ئەوەی لەم نێوەدا تا ئێستاش جێی بەتاڵە و مایەی کەمایەسیی بزووتنەوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بووە - بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینادا بە ڕووونی دەرکەوت – بێبەرنامەیی و کارامەنەبوونی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمە کە وەک پێویستە نەتەنیا هێز و هیوای بە بزووتنەوەکە نەبەخشی، بەڵکوو تا ڕادەیەک خەڵکی تووشی سەرلێشێواوی و بێهیوایی کرد.
لەم پێوەندییەدا کوردستان کە لە زۆربەی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی و نموونەیی گێڕاوە، چ لەسەر ئاستی ڕەفتار و هەڵوێستی جەماوەری خەڵکی کوردستان و چ لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکان چەند هەنگاوێک لەپێشترە. لە بزووتنەوەی ژینادا کە کوردستان ناوەند و کانوونی ئەم بزووتنەوە مێژووییە سەرانسەرییە بوو، خەڵکی کوردستان چرا و ڕێنوێنی بزووتنەوەکە بوون. لە بزووتنەوەی بایکۆتیشدا، دیسان لە کوردستان دەنگی "نا" بە کۆماری ئیسلامی بەرزتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بوو. بۆیە حیزبەکانی کوردستان کە پێوەندییەکی ئۆرگانیکی زیندوویان لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆیان هەیە، پێویستە لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵترناتیوسازیدا زیاتر ڕوانگە و ستراتیژیی نێوخۆیی ڕەچاو بکەن و لە بەستێنی واقعیی بزووتنەوەکاندا هەوڵی سازکردنی بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆی وڵاتدا بدەن کە لەم قۆناغە و قۆناغەکانی داهاتووی ئەم بزووتنەوە ئێعترازیانەدا بتوانێ ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئیران بگرێتە ئەستۆ.
بۆ ئەم پێویستییەی خەباتی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێگەی جەماوەری لە کوردستاندا هەیە و بۆ چۆنیەتی بنیاتنانەوەی ئیڕانی نوێ و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان نەخشەڕێی دیار و فورموولەکراوی هەیە، وەک لێی چاوەڕوان دەکرێ، پێویستە لێبڕاوانە هەنگاوی بنێ.