کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵگرتنی یەک ملیۆن تمەن لە مووچەی خانەنشینکراوانی تەئمین ئیجتماعی بە بێ ئاگاداریی خۆیان

12:32 - 21 رەشەمه 2723

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە ڕێژیم بڕی یەک میلیۆن تمەنی لە مووچەی خانەنشینکراونی تەئمین ئیجتماعی و بە بێ ئاگاداریی خۆیان هەڵگرتووە و  سەرۆکی ئیدارەی خانەنشینکراوان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو پارەیە بە مەبەستی پێدانی پشکی پێترۆشیمی لێیان وەرگیراوە.

هەڵگرتنی ئەو یەک میلیۆنە بە بێ ئاگاداری و ڕێگەدانی خانەنشینکراوەکان ئەنجام دراوە، و سەرۆکی ئیدارەی تەئمین ئیجتماعی ڕایگەیاندووە کە بۆ بەهێزکردنی توانای ماڵیی خانەنشینکراوان دەستیان کردووە بە درووستکردنی کۆمپانیایەک و بڕیارە ٥٢٪ی پشکەکانی کۆمپانیای پترۆشیمیی ئەمیرکەبیر ڕادەستی خانەنشینکراوانی ئەم ڕێکخراوە بکرێت.

ئەو کارە کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە و کارناسان ڕایانگەیاندووە کە ئەو ناوەندە مافی دامەزراندنی هیچ کۆمپانیا و دامەزراوەیەکی دیکەی نییە کە کاری سەرمایەدانان بکات و ئەوە دژی یاسای ئەو ناوەندەیە؛ هەندێک لە کاربەدەستان کەڵکی کەسی لە ناو و متمانەی تەئمین ئیجتماعی وەر دەگرن و پشک و مووچەی خانەنشینکراوەکان بۆ خۆیان هەڵدەگرن.

ئەو کارەی ئیدارەی تەئمین ئیجتماعی لەحاڵێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەمە کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئەو ئیدارەیە بە هۆی خراپبوونی دۆخی بژێوی ژیانیان لە شارەکانی ئیسفەهان، ئەهواز، شووش، ئەراک و کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.