کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ بەرپرسیارکردنی ڕێژیم سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێ

12:39 - 21 رەشەمه 2723

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی یەکەمین ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان و کچان لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاند، واشنگتۆن هەموو ڕێگا گونجاوه کان بۆ لێپرسینەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسن له پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ له کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو دەگرێت.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەمە، لە ڕاپۆرتێکدا هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان و کچان لە ئێرانی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە پێناسە کرد.

ئەم کۆمیتەیە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا نووسیویەتی، کە سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و هەڵاواردنی گشتگیر دژی ژنان و کچان بووەتە هۆی پێشێلکردنی جیددیی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە کە زۆربەی نیشاندەری جینایەت دژی مرۆڤایەتییە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەوانە سپای پاسداران، هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیج و فەرماندەیی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم، مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کردووە و بکەری جینایەت دژی مرۆڤایەین.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان هەروەها "توندوتیژیی فیزیکی"ی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد لە ماوەی دەسبەسەرکرانی ژینا ئەمینیی بە هۆکاری نایاسایی کوژرانی ئەم کچە ناو برد و ڕایگەیاند کە ڕێژیم لە جیاتی لێکۆڵینەوەی خێرا و دروست لەم پێوەندییەدا، ڕاستییەکانی شاردەوە و مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دادپەروەریشی زەوت کرد.

لەو پێیوەندییەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی  سەبارەت بەو شتانەی کە لەلایەن کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، ئێمە پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤی گەلی ئێران دەکەین، هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا چەندین چالاکیی بەرفراوانمان بە دژی ڕێژیمی ئێران ئەنجام داوە.

ناوبراو زیادی کرد، ئێمە لە گەڕان بەدوای هەموو ئامرازە گونجاوەکان بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەوام دەبین، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان هان دەدەین کە هەمان کار بکەن و لەگەڵیان کاردەکەین.

ناوبراو داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە بە ڕێز و کەرامەتەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکات و لە درێژەی قسەکانیدا زیادی کرد، ئەمریکا لە پشتیوانیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەمووان لە ئێران بەردەوام دەبێت.

ئابرام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی، هەموو جیهان گرینگی بەم ڕاپۆرتە دەدەن و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون لە ئەرکی گرینگی ئەم کۆمیتەیە کردەوە.