کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەردۆغان دەیەوێ بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە

15:33 - 21 رەشەمه 2723

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە ڕایگەیاند، هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی تورکیە کە بڕیارە لە ٣١ی مارس بەڕێوە بچێت، ئاخرین بەشداریی ئەو لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە دەبێت.

لە ساڵی ٢٠٠٣وە کە ئەردۆغان دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، ئەمە یەکەمجارە باسی بەجێهێشتنی کورسیی دەسەڵات بکات.

ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە بەپێی یاسای بنەڕەتی ناتوانێت خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوودا کاندید بکات.

سەرەڕای قسە و ئیدعاکانی ناوبراو، دژبەرانی ئەردۆغان ڕایانگەیاندووە کە ئەو دەیهەوێ بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی جارێکی دیکە خۆی بە کورسی دەسەڵاتەوە ببەستێتەوە و ئەگەر وەکوو ساڵی ٢٠١٧ بە ڕێفراندۆم یاسای بنەڕەتی بگۆڕن دەتوانێ جارێکی دیکە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

حکوومەتی تورکیە دەتوانێت پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ بۆ گۆڕینی دەستور و درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی ئەردۆغان ڕێفراندۆم بەڕێوە بباتکە تێیدا شارە گەورەکان ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن. ئەگەر ڕێفراندۆمێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت و دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی ئەردۆغان بکرێ، ناوبراو دەتوانێت بۆ جاری چوارەم بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات.

لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی تورکیە "ئەناتۆلی"، ئەردۆغان وتوویەتی : "بەپێی یاسای تورکیە، ئەمە دوا هەڵبژاردنی منە، ئەنجامی هەڵبژاردنیش گواستنەوەی میراتێکە بۆ براکانم کە لە دوای من دێن".

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حیزبەکانی تورکیە بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان دیاری کرد.

"پارتی داد و گەشەپێدان"ی دەسەڵاتدار لە هەوڵی وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانییە گەورەکانی وەک ئیستانبۆل و ئەنکارا لە هەڵبژاردنی داهاتوودان.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژی ئەردۆغان توانیان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا  لە ئێستانبۆل و ئانکارا بەربژێرەکانی ئەردۆ‌غان شکست بدەن و ئێستاش ئەو ململانێیە لە نێوانیان چڕ و بەردەوامە.