کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری جێگری ڕەئیسی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و چەواشەکردنی ڕاستییەکان

18:09 - 21 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ڕەشەمە، ئێنسیە خەزعەلی، جێگری سەرۆکی کاروباری ژنان و بنەماڵە لە دەوڵەتی ڕەئیسی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان گەیشتە نیویۆرک. ئەمە لەحاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١دا و دوای سەرکوتکردنی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەم کۆمیسیۆنە دەر کرا.

خەزعەلی کە بۆ بەشداریکردن لە ٦٨ەمین کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی نەتەوە یەکگرتووەکان چووەتە ئەمریکا، بە ڕۆژنامەنووسانی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندووە، من بۆ بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی تایبەتی ژنان لە غەززە و داواکاری بۆ دەرکردنی ئیسرائیل لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرە ئامادەم.

هەروەها زیادی کرد، وەک شێوەی هاوبەشی وڵاتان کە ڕاپۆرتێک لەبارەی دۆخی ژنان دەخەنە ڕوو، ئێمەش ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی ژنان لە ئێراندا دەخەینە ڕوو و باس لە بارودۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو کێشانە دەکەین کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و بە شێوەیەکی تایبەت باس لە بارودۆخی ژنانی فەلەستینی لە غەززە دەکەین.

سەفەری ئێنسیە خەزعەلی بۆ ئەمریکا و ئامادەبوونی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدا بوو کە ڕێژیمی ئێران لە کۆتایەکانی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ و دوابەدوای سەرکوتکردنی توندوتیژانەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان بەرامبەر بە مامەڵەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک، بە تایبەت ژنان، لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی ژنان دەرکرا.

لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، ڕێژەی سەرکوتکارییەکانی ژنان لەلایەن ڕێژیمەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بە پێچەوانەی قسەکانی خەزعەلی، ڕێژیم پێویستە زیاتر لە ژنانی غەززە گرینگی بە ژنانی ولاتەکەی خۆی بدات.