کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزینەوەی کەشتیی هەواڵگریی سپای پاسداران لە دەریای سوور

12:08 - 22 رەشەمه 2723

کەشتییەکی هەواڵگریی سپای پاسداران لە دەریای سوور کە زانیاری ئەداتە حوسییەکان تاکوو هێرشەکانیان ئەنجام بدەن، دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی حەفتەنامەی ئێکسپرێسی فەڕانسە نەوتکێشی "بێهشاد" کە لە ڕواڵەتدا کەشتییەکی بازرگانییە، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینییەوە لە دەریای سووردا بێ جووڵە ماوەتەوە و زانیاری ئەداتە حوسییەکانی یەمەن تاکوو کەشتییە بارهەڵگرەکان بکەنە ئامانج.

لە ڕاپۆڕتەکەی ئێکسپرێسدا هاتووە "مەئموورییەتی کەشتیی بازرگانیی بێهشاد، زانیاریدان بە حوسییەکانە تاکوو کەشتییە ڕۆژاواییەکان لە کەنداوی عەدەن بکەنە ئامانج".

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە کەشتی نەوتکێشی بێهشاد لە ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ کەشتییەکی دیکەی سپای پاسداران بە ناوی "ساویز" جێگۆڕکێی پێ کراوە.

پێشتر مەئموورییەتی کەشتی ساویز زانیاریدان و پشتیوانیکردن لە قاچاخی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکان بوو کە پاش تەقینەویەکی گوماناوی لە نێوخۆیدا، گەڕێندرایەوە بۆ کەناراوەکانی ئێران و کەشتی بێهشاد هاتە شوێنەکەی.

ئێکسپرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی: "کەشتیی بێهشاد لە کاتی جێگیربوونی لە دەریای سوور، لە شوێنی خۆی نەجووڵاوە و بۆ حەشاردانی خۆی، سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کوژاندووەتەوە و بەردەوام لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە چاوەدێری دەکرێت".

ئەم حەفتەنامە فەرانسییە جەختیشی کردووەتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا کەشتیی بێهشاد و دوو کەشتیی شەڕکەری دیکەی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی سایبێریان کراوەتە سەر.

لەم پێوەندییەدا ئێکسپرێس زیادی کردووە "پاش کوشتنی ٣ سەربازی ئەمریکایی لە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەرتەشی ئەمریکا بە نیاز بووە تاکوو کەشتیی بێهشاد بکاتە ئامانج و لەنێوی ببات، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە هێرش بۆ سەر ئەو کەشتییە و لەنێوبردنی بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئێران بە ئەژمار دێت، ئەمریکا لەو بڕیارە پاشەگەز بووەتەوە".