کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی مانۆڕی دەریایی هاوبەش هاوکات لەگەل زۆربوونەوەی گرژییەکان لە ناوچە

12:23 - 22 رەشەمه 2723

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕووسیە و چین بڕیارە مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش لە کەنداوی عەمان و دەریای عەرەب بەڕێوە ببەن.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە ڕۆژی دووشەمە، ٢١ی ڕەشەمە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە گرووپێک لە کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەم وڵاتە بۆ بەشداری لە مانۆرێکی هاوبەش لەگەڵ ئێران و چین بە ناوی "پشتێندی تێکەڵاوی ئەمنییەتی دەریایی ٢٠٢٤" کە لە ڕۆژی سێشەممەوە دەست پێ دەکات، دەچنە نێو ئاوەکانی ئێرانەوە.

لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە، ئاماج لە بەڕێوەبردنی ئەم مانۆڕە هاوبەشەی، لێکدانەوەی پارێزراوبوونی چالاکییە ئابوورییەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکان ڕاگەیەندراوە.

هەواڵدەریی ئیرنای ڕێژیمیش ئامانج لەم مانۆڕەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دزیی دەریایی، تێرۆریزمی دەریایی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونە کان ڕاگەیاندووە.

ئەم ئیدعایە لەکاتیكدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دزینی کەشتییە بازرگانییەکان و تێرۆریزمی دەریاییدا، پێشینەی هەیە و لە ئاڵاهەڵگرانی دزیی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز و ئاوەکانی کەنداو بەئەژمار دێت.

ئەم مانۆڕە هاوبەشە لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە گرژییەکان لە ناوچە بە هۆی هێرشەکان و کردەوە تێکدەرانەکانی گرووپە نیابەتییەکانی ئێران و بە ڕێبەری و چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ئەم رێژیمە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای سوور زۆر بوونەتەوە.