کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی لانیکەم ١١ کەس لە هێزەکانی حوسییەکان لە هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا

12:38 - 22 رەشەمه 2723

لە کاردانەوەی نیزامیی ئەمریکا و بریتانیا بە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکان، لانیکەم ٢٥ کەس لە هێزەکانی حوسییەکان کوژران و بریندار بوون.

دەوڵەتی یەمەن ڕایگەیاندووە کە شەوی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە، لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان، لانیکەم ١١ کەس کوژران و ١٤ کەس بریندار بوون.

کاناڵی هەواڵی "ئەلمەسیرە"، سەر بە حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاندووە کە شاری ئەلحەدیدە و باقی شارەکانی ڕۆژاوای یەمەن، لانیکەم ١٧ جار لەلایەن ئەمریکا و بریتانیاوە هێرشیان کراوەتە سەر.

هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا ئەم هێرشانەی لە وڵامی هێرشەکانی ١٦ی ڕەشەمەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کەنداوی عەدەن ئەنجام داوە کە کوژرانی ٣ کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی لێ کەوتەوە.

سەرەڕای کردەوەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ تۆڵەکردنەوە، هێرشە مووشەکی و پەهبادییەکانی حوسییەکان بە ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی لە دەریای سوور زۆرتر بووەتەوە.