کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند تایبەتمەندیی سیستمی بێسەرەوبەرەیی کاریگەر لە ڕێکخراودا

12:53 - 22 رەشەمه 2723

سەلام سەدیقی

هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ڕێکوپێکی لە هەر یەکەیەکی ئیداری و کۆمەڵایەتیدا زۆرتر دەبێ لایەنی ڕێنیشاندانی هەبێ نەک سزادان. مەبەست لە تەمبێکردن ئەوە نیە کەسەکان بە سزای هەڵەکانیان بگەن، بەڵکوو ئامانج لێی ڕاستکردنەوەی کارە ناشایست و هەڵەکانی ئەوانە. هەندێک جار لەوانەیە چارەیەکی تر بێجگە لە سزادانی کەسە هەڵەکارەکە نەبێ، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە سزادان، ئامانج نییە بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گۆڕین و باشکردنی ڕەفتاری کەسەکە.

دەکرێ سیستەمی ڕێکوپێکی دامەزراوەیەک بە کوورە و زۆپایەکی سوورەوەبوو بشۆپێنین، واتە:

 ١- هەر بەو جۆرەی دەستلێدان لە کوورە گەرمەکە سووتێنەر و بەژانە، تەمبێکردن و سزادانیش دەبێ وەک ئەزموونیێکی تاڵ و ناخۆش بێ هەتا کەسەکە بڕیار بدات جارێکی تر دووپاتی نەکاتەوە.

٢- بە دەستلێدان لە کوورەی گەرم، بەخێرایی دەست دەسووتێ و هۆکارەکەشی بە تەواوەتی ڕوونە. لەنێو دامودەزگاکانیشدا کەسێک کە هەڵەیەک دەکا، دەبێ دەمودەست سزا بدرێ بۆ ئەوەی بزانێ لەسەر چی سزا دەدرێ. هەڵبەت دەبێ لەوە ئاگادار بین ئەم خێرابوونە لە سزاداندا  نەبێتە هۆی پەلەکردن لە بڕیارداندا و بێ لێکۆڵینەوەی پێویست لە بابەتەکە کەسێکی بێتاوان سزا نەدرێ. ئەگەر وا هەست دەکرێ کە هەڵەیەک ڕووی داوە، دەبێ بە دوورخستنەوەی کاتیی کەسەکە ببڕێتەوە و سەپاندنی سزا بهێڵدرێتەوە بۆ دواتر تا بابەتەکە ڕوون دەبێتەوە و بەڵگەی تەواو و حاشاهەڵنەگر دەکەوێتە دەست.

٣- هەروەک چۆن تینی سووتێنەری کوورە کەسەکە ئاگادار دەکاتەوە کە بێتوو دەستی لێدەی چی دەقەومێ، لە ڕێکخراوێکیشدا ئەرکی بەڕێوەبەرەکەیەتی کە بەر لە سەپاندنی سزا بەسەر کەسێکدا ، ئاگادارکردنەوە و بیرهێنانەوەی پێویستی بە گوێدا بدا. بەو مانایە کە ئەندام دەبێ زانیاری لەسەر یاسا و ڕێساکانی هەبێ و بزانێ کە پێشێلکردنیان چ دەرەنجامێکی دەبێ. ئەگەر بەڕوونی بە گوێی ئەندامەکاندا درابێ کە سەرپێچیکردن و لادان لە یاسا و ڕێوشوێنەکان چ جۆرە سزایەکی دەبێ، جێبەجێکردنی ئەو سزایانە لەسەر کەسی هەڵەکار، بە کارێکی ئاسایی و دادگەرانە لێک دەدرێتەوە.

٤- دەستلێدان لە کوورەی سوورەوەبوو، ئاکامی هەموو کات یەک شتە. لە ڕێکخراوێکیشدا هەموو کات دەبێ یەک چەشن سزا بۆ هەڵەی هاوچەشن دیاری بکرێ. ئەگەر لە بەڕێوەبردنی یاسا و ڕێوشوێنەکانی ڕێکوپێکیدا جیاوازیدانان و هەڵاواردن هەبێ، ئەم یاسایانە نەک هەر بایەخ و کاریگەریی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵکوو لێهاتوویی و کارزانیی بەڕێوەبەرەکەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر ئەندامان و فەرمانبەرەکان نەزانن ئاکامی هەڵەیەکی دەیکەن چی دەبێ، تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دەبن و ئەوەش زۆرجار دەبێتە هۆی لاوازبوونی ورەیان و دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنان یان نزمبوونەوەی ئاستی کارامەیی.

سەڕەڕای بوونی یاسا و ڕێوشوێنی داڕێژراو، هەڵسوکەوت و دژکردەوەی بەرپرسیش لە بەرامبەر سەرپێچییەکاندا تا ڕادەیەکی زۆر حەد و سنووری ڕەفتاری ڕێگەپێدراو بۆ ئەندامان دیاری دەکا.

ئەگەر بۆ دوو هەڵە و سەرپێچیکردنی وەک یەک، بۆ وێنە دواکەوتن و درەنگ‌ چوونە  سەر کار، بەرپرسەکە سەرکۆنەی یەکێک بکا و چاوپۆشی لە کەسێکی تر بکا و سەرکۆنەی نەکا، فەرمانبەرەکان تووشی سەرلێشێواوی دەبن و نازانن ئاخۆ درەنگ هاتنە سەر کار، سەرپێچییەکی شایانی سزادانە یان نا؟ کەوابوو خاڵی گرینگ و سەرەکی لێرەدا ئەوەیە بەرپرسەکان دەبێ لە بەرامبەر هەڵە و سەرپێچیەکاندا یەک چەشنە ڕەفتار و هەڵوێستیان هەبێ. پێشتریش ئاماژەم بەو خاڵە کردوە کە دیاریکردنی جۆر و قورسیی سزادانەکان دەبێ بە سەرنجدانە سەر هەڵکەوتە و هەلومەرجەکان بێ. کەوابوو ئەگەر بەرپرسێک ناچار بوو بۆ دوو هەڵە و سەرپێچیکردنی وەک یەک ، دوو جۆر سزا دیاری بکا، دەبێ هۆیەکەی ئاشکرا بکا و جیاوازیی و دوو جۆر بوونی سزادانەکە شی بکاتەوە.

٥- هەر وەک چۆن هەر کەسێک بەر کوورە گەرمەکە بکەوێ دەسووتێ، لە ڕێکخراوەکەشدا جۆر و قورسی سزادانەکە دەبێ بەگوێرەی جۆری هەڵەکردنەکە بێ نەک ئەوەی چ کەسێک ئەو هەڵەیەی کردوە. لە کاتی دیاریکردنی سزا و جێبەجێ کردنیدا، بەرپرس دەبێ کەسی تەمبێکراو تێبگەیەنێ کە بڕیار لەسەر کردەوەکەی ئەو دراوە، نەک خۆی و مەبەست لە سزادان ڕاستکردنەوەی ڕەفتاری نابەجێی کەسەکەیە نەک سووکایەتی پێ کردن و بەکەمزانینی ئەو. پاش ئەوەی کە کەسی هەڵەکار لەسەر هەڵەیەکی کە کردوویەتی تەمبێ کرا، بەرپرس دەبێ کۆتایی بە بابەتەکە بێنێ و هەڵسوکەوتێکی ئاسایی لەگەڵدا بکات.