کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆڕتی ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران، چین و ڕووسییە لە ساڵی ٢٠٢٤دا

18:22 - 22 رەشەمه 2723

 

لە نوێترین ڕاپۆڕتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە ڕادەستی مەجلیسی سێنا کراوە، ئێران، چین و ڕووسیە و چەند لایەنێکی دیکەی نادەوڵەتی لە ناوچەکەدا وەک مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا ناسێندراون.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە پشتبەستن بە ڕاپۆڕتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا نووسی: "چین ئارەزوومەندە بەڵام نیگەرانە، ڕووسیە دوژمنکارانە و کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند لایەنی نادەوڵەتی دیکە، بۆ ئەمریکا جێی مەترسی و هەڕەشەن".

مەبەست لە لایەنە نادەوڵەتییەکان، گرووپە چەکدارەکانی هاوشێوەی حیزبوڵڵای لوبنانە کە وەک باڵێکی ڕێژیمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن.

لە ڕاپۆڕتی ناوەندە هەواڵگرییەکاندا هاتووە "ئەمریکا بەرەوڕووی پەرەسەندنی سیستەمێکی جیهانیی ئاڵۆز بووەتەوە و بە هۆی کێبڕکێی زلهێزەکان، کێشە سەروونەتەوەییەکان و ناکۆکییە ناوچەییەکان، لەژێر گوشاردایە".

ئێڤریڵ هینز بەڕێوبەری ناوەندی زانیاریی نەتەوەیی کە بریتییە لە ١٨ ڕێکخراوی هەواڵگریی ئەمریکا، داوای لە یاسادانەرانی ئەمریکا کردووە کە یارمەتییەکی سەربازیی زیاتر بۆ ئوکراین پەسەند بکەن تاکوو بتوانێت دەست بە سەر ئەو بەشانە لە خاکەکەی بگرێتەوە کە ڕووسیە داگیری کردووە.

هینز سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ئەگەری پەرەسەندنی بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان، نیگەرانیی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە حوسییەکان بە ئیلهاموەرگرتن لە حەماس و فەرمان وەرگرتن لە پشتیوانەکانیان بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش ئەنجام ئەدەن.

لەلایەکی دیکەوە ڤیلیام ژۆزێف بێڕنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا "سی ئای ئەی" لە دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی سێنای ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی ئوکراین و ڕووسیە ڕایگەیاندووە کە چەکوچۆڵی ئوکراین ڕوو لە تەواوبوونە و کاتی ئەمریکاش بۆ یارمەتیدان ڕوو لە تەواوبوونە.

بێڕنز زیادی کردووە ئەگەر کۆنگرەی ئەمریکا یارمەتی سەربازیی زیاتر بۆ ئوکراین پەسەند نەکات، هەڵەیەکی گەورەی مێژوویی ڕوو دەدات.