کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ئێرانییەکان و دژبەرانی ڕێژیم بە بەشداریی ئێنسییە خزعەلی لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن

18:29 - 22 رەشەمه 2723

بەشداریی ئێنسییە خزعەلی، جێگری ئیبراهیم ڕەئیسی لە کاروباری ژنان لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوە و ناڕەزایەتیی توندی ئێرانییەکان و دژبەرانی ڕێژیمی بەدواوە بووە.

سەرەڕای دەرکرانی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن، ئێنسییە خەزعەلی، جێگری سەرۆککۆماری ڕێژیم لە کاروباری ژنان وێڕای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەم کۆمیسیۆنە لە نیۆیۆرک، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامەتیی ئیسرائیل لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن بووە.

بەشداریی ڕێژیم و داواکارییەکەی خەزعەلی لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، بە هۆی سەرکوتی بەربڵاو و سیستماتیکی ژنان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن دەر کراوە و ئەندامەتیی ڕێژیم لەم کۆمیسیۆنە بۆ چوار ساڵ هەڵوەشاوەتەوە و ئەم قسانەش هیچ گۆڕانێک لە ئەندامەتی ڕێژیم لەم کۆمیسیۆنە دروست ناکات.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی" لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ناڕەزایەتیی توند بەرانبەر بەشداریی ڕێژیم لەم کۆبوونەوەیە، خوازیاری هەڵوەشانەوەی هەرچی زووتری ویزای ناوبراو بوو.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەمریکا لە پێدانی ویزا بە بەرپرسانی ڕێژیم کە لە ئاپارتایدی ڕەگەزیی سیستماتیکدا ڕۆڵیان هەیە زۆر هێورە و بە سەرنجدان بە ڕۆڵی ئێنسییە خەزعەلی لە پیشێلکردنی مافی ژنان لە ئێران، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ویزای ناوبراوین.

لە ڕیزبەندی جیهانیی یەکسانیی ژن و پیاو و کەلێنی ڕەگەزیدا، ڕێژیمی ئێران لە نێوان ١٤٦ وڵاتی جیهاندا لە ڕێزی ١٤٣ی جیهاندایە.