کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٢٧٦ لەسەدیی هەناردەکردنی چەکوچۆڵی ڕێژیم لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا

18:33 - 22 رەشەمه 2723

بەپێی ئاخرین ئاماری دامەزراوەی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ئاشتی لە ستۆکهۆڵم "سیپری"، سەبارەت بە بازرگانیی چەکوچۆڵ لە جیهاندا هاتووە کە هەناردەکردنی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٨ هەتا ٢٠٢٣، ٢٧٦ لەسەد بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "سیپری"، ڕووسیە بە ٧٦ لەسەد، گرینگترین ولاتێک بووە کە چەکوچۆڵی ئێرانی پێ گەیشتووە و دوای ئەوەش زیاترین هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بە ڕێژەی ١٦ لەسەد تایبەت بە وێنێزۆئێلا و دواتریش بۆ حوسییەکانی یەمەن بە ٧.٤ لەسەد بووە.

لە بەرانبەر ئەمەدا، کۆماری ئیسلامی بە داواکردنی ٢٤ فڕۆکەی شەڕکەر گەورەترین هاوردەکاری ٢٠ ساڵی ڕابردووی مێژووی خۆی بووە.

بەرزبوونەوەی ٢٧٦ لەسەدیی هەناردەکردنی چەکوچۆڵی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە ئەمریکا وەکوو گەورەترین هەناردەکاری چەکوچۆڵ لە جیهاندا هەر لەم ماوە زەمەنییەدا، ١٧ لەسەد گەشەی هەبووە.

ڕاپۆرتی "سیپری"،سەبارەت بە هەناردەکردنی ٧٦ لەسەدیی چەکوچۆڵی ئێران بۆ ڕووسیە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕۆژاوایی سەرەڕای ڕەتکردنەوەی بەپرسانی ڕێژیم، بەردەوام ئەم ڕێژیمەیان بە ناردنی مووشەک، پەهبادی خۆتەقێن و گولـلە تۆپ بۆ ڕووسیە و بەشداری لە تێکدانی ژێرخانەکانی ئۆکراین و کوژرانی خەڵكی سێڤیل تۆمەتبار کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران بە ناردنی چەکوچۆڵی نیزامی بۆ حوسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی خۆی لە ناوچەکە، درێژە بە ڕۆڵی خراپکارانەی خۆی لە بەردەوامیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وهێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دەدات.