کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بڕی ٣٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتیی نیزامی بە ئۆکراین دەدات

10:46 - 23 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە یاریدەدەری جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنگتۆن بڕی ٣٠٠ میلیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی سەربازیی نوێ بۆ ئۆکراین تەرخان کردووە.

دوای چەند مانگێک مشتومڕ لە کۆنگرەی ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە، ئەمە یەکەم هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئۆکراینە. کۆشکی سپی بەهۆی دۆخی بەرەی شەڕ لە ئۆکراین و خۆڕاگریی کۆماریخوازانی کۆنگرە لە بەرامبەر تەرخانکردنی بوودجە بۆ ئەم کارە، لەو ماوەیەدا بەدوای ڕێگایەکدا گەڕاوە.

جەک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو پارەیە لە پاشەکەوتی پێشبینینەکراوەوە لە گرێبەستەکانی پێنتاگۆن وەرگیراوە و بۆ تۆپ و تەقەمەنی بۆ سیستەمی مووشەکی تەرخان دەکرێت.

ناوبراو وتوویەتی ئەم تەقەمەنییە ڕێگە بە ئۆکراین دەدات هێزی ئاگرینی خۆی بۆ ماوەیەکی کورت بپارێزێت و ڕەنگە ئەم بڕە تەقەمەنییە تەنیا بۆ چەند حەوتوویەک یارمەتیی ئۆکراین بدات.

دوایین هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئۆکراین لە مانگی دێسامبری ڕابردوودا بوو، دوای ئەوە بوودجەی دەوڵەتی بایدێن بۆ ئەو مەبەستە کۆتایی هات. هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێ بە ٢٨٥ میلیارد دۆلار لە دارایی ڕووسیە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بلۆکە کراوە، چەکوچۆڵ بۆ ئۆکراین بکڕن.