کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕی غەززەوە ٤٥٠٠ جار حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج

11:27 - 23 رەشەمه 2723

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا و لە سەرەتای شەڕی غەززەوە نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ ئامانجی سەر بە گرووپی حیزبوڵڵای لە لوبنان و سووریە پێکاوە.

بەپێی ئاماری ئەرتەشی ئیسرائیل، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ٣٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەم گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٧٥٠ کەسیش بریندار بوون.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند کە ئەو ئامانجانە لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و "کۆگاکانی چەکوچۆڵ، پێکهاتە سەربازییەکان بۆ هێرشەکانی حیزبوڵڵا و هەروەها ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی عەمەلیاتەکان لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، پێنج فەرماندەی باڵا لەنێو کوژراوەکاندا بوون، هەروەها دەیان دامەزراوەی تیرۆریستی کە مووشەکی زەوی بۆ زەوی و مووشەکی دژە تانکیان ئاراستەی ئیسرائیل دەکرد، کراونەتە ئامانج.

ئەو بەیاننامەیە دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە سەرچاوەیەکی ئەمنییەتیی لوبنان ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، هاوکات لەگەڵ پەرەگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بووە و بە هۆیەوە کەسێک کوژراوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوو ئامانجی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵای لوبنانیان لە سووریە کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو شەڕەوە لانیکەم ٣١٩ کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆربەیان هێزەکانی حیزبوڵڵا بوون و لانیکەم ٥٤ کەسی مەدەنیش کوژراون.

هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرته ١٠ سەرباز و ٧ هاووڵاتیی مەدەنی له ئیسرائیل کوژراون.