کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە وڵامی ڕاپۆڕتی ئاژانسی وزەی ناوکیدا

11:32 - 23 رەشەمه 2723

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ڕاپۆڕتی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوکی لە پێوەندی لەگەڵ هاوکارینەکردنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئەو ئاژانسەدا، کاردانەوەی نیشان دا و ڕاپۆڕتەکەی بە بێ بنەما لە قەڵەم دا.

نوێنەری ڕێژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە لە بەیاننامەیەکدا وڵامی بە ڕاپۆڕتی ڕافائێل گرووسی بۆ شۆرای حوکامی ئەو ئاژانسە لە پێوەندیی لەگەڵ هاوکارینەکردنی ڕێژیم و ناڕوونبوونی بەرنامە ناوکییەکەی، دایەوە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەپێی زانیاریی هەڵە ئەنجام دراوە و زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە سەبارەت بە هەبوونی ماددەی ناوکی لە بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم بێ بنەمایە.

هەروەها سەبارەت بە هاوکارینەکردن و ڕێگەنەدان بە لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ پشکنینی سایتە ناوکییەکان، هەموو قسەکانی گرووسیی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئێران هاوکاریی پێویستی بەپێی ڕێککەوتننامەکانی لەگەل ئاژانسی وزەی ناوکی، ئەنجام داوە.

لە ڕاپۆڕتەکەی گرووسیدا هاتووە کە ئێران ڕێگە بە ئاژانس نادات کە کامێرا چاوەدێرییەکانی وزەخانە ناوکییەکان ببینێت و هەروەها مۆڵەتی ژمارەیەک لە لێکۆڵەرانی ئەو ئاژانسەی ڕاگرتووە و ڕێگەیان پێ نادات تا سەردانی سایتە ناوکییەکان بکەن.

کۆی گشتی ڕێژیم هیچ یەک لە وتەکانی ڕافائێل گرووسی پشتڕاست نەکردووەتەوە و هەمویانی بە تۆمەتی بێ بنەما و بێ بەڵگە لە قەڵەم داوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژانی ڕابردوو لە ڕاپۆڕتێکدا لە زاری چەند بەرپرسێکی نەناسراوە ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا لە ئێستادا و بە هۆی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نایهەوێت کە بە پەسەندکردنی بڕیاڕنامەیەکی دیکە لە شۆرای حوکام بە دژی ڕێژیمی ئێران، ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و دانیشتنە دیپلۆماتیکەکان بخاتە ژێر کاریگەرییەوە.