کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیی 'یوو‌ ئێس ئێس لابۆن

11:35 - 23 رەشەمه 2723

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سێنتکام ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، حوسییەکانی یەمەن مووشەکێکی بالیستیکی دوورمەودایان ئاراستەی کەشتیی تێکدەری یوو ئێس ئێس لابۆن کردووە، بەڵام مووشەکەکە بەر کەشتییەکە نەکەوتووە و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ئەو مووشەکە کە باس کراوە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی کەشتیی یوو ئێس ئێس لابۆن لە دەریای سوور کراوە.

لە ڕاگەیەندراوی سێنتکامدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و کەشتییەکی هاوپەیمانان لە دەریای سوور دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندوون کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە فڕیون.

سێنتکام زیادی کردووە، هێزەکانی ئەمریکا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان بە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان و کەشتییە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە زانیوە.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.

حووسییەکان، کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی موقامەت" دەزانن.