کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی یاسادانەرانی ئامریکا لەبارەی کەمکردنەوەی گەمارۆکان لە سەر ئێران

12:00 - 23 رەشەمه 2723

بڵاڤۆکی "واشنگتۆن فری بیکەن" ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵێک لە یاسادانەرانی کۆماریخوازی ئەمریکا هۆشداریان داوە کە دەوڵەتی جۆ بایدێن بە نیازە لێخۆشبوونێکی نوێ لەسەر سزاکان بۆ ڕێژیمی ئێران دەر بکات و ئەوە ڕێگە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ١٠ میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆکەکراوی تاران خۆش دەکات.

ئەم بڵاڤۆکە ڕایانگەیاندووە کە بە بڕوای ئەم یاسادانەرانە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە سەرچاوە داراییەکان ئاسانکاریەک بۆ ئەو ڕێژیمە دەکات کە چالاکییە تێرۆریستییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژە پێ بدات.

هەروەها ئەو گرووپە لە ئەندامانی کۆماریخوازی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێن کە ڕێژیمی ئێران ڕابردوویەکی خراپی لە پێوەندی لەگەڵ ڕێکەوتنە مرۆییەکان هەیە و هیچ بەڵگەیەکمان  نییە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێران هەوڵی دەربازبوون لەم سنووردارکردنانە نادات.

ئەوان لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە و خەزێنەداریی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لێخۆشبوون و گواستنەوەی پارەکەیان دەبێتە هۆی ئازادکردنی میلیاردها دۆلار سەرمایە، کە ڕێژیمی ئێران دەتوانێت بۆ هێزە نیابەتییە تێرۆریستەکانی خۆی و چالاکییە ئەتۆمی و سەربازییەکانی خەرجی بکات.

لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا دەوڵەتی بایدێن ماوەی لێخۆشبوونی ئەمریکا لە عێراق بۆ دانەوەی قەرزەکانی بە ئێران بۆ ١٢٠ ڕۆژ درێژ کردەوە و ئەو لێخۆشبوونە ڕێگەی بۆ ئەوە خۆش کرد کە بڕێکی زۆر لەو قەرزانە بچنە هەژماری بانکیی ئێران لە عەمان.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بایدێن ماوەی لێخۆشبوونەکەی درێژ کردەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیرا و ڕایانگەیاند کە ئەو لێخۆشبوونە لەکاتێدا ئەنجام دراوە کە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا، هەروەها حوسییەکان لە یەمەن کە هەموویان ڕێژیمی ئێران پشتیوانییان لێ دەکات، ماوەیەکە کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بە کارە تێرۆریستییەکانیان ئاڵۆز کردووە.