کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٠ لە سەدی خەڵکی ئێران خەریکن هێڵی هەژاری تێدەپەڕێنن

14:49 - 23 رەشەمه 2723

دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران لەژێر سێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ڕوو لە کارەساتە و ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکانێکی زیاتر دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

فەرشاد مۆئمێنی ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لە وتووێژێک لەگەڵ "ئێکۆنێگار" بە ئاماژەدان بە دۆخی قەیراناویی خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە ٣٠ لەسەدی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدان و ٤٠ لەسەدی دیکەش لە نزیکی ئەو هێڵەدان.

مۆئمێنی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا و شێوازی دیاریکردنی حەقدەسەکان کە هەموو کات لە دوای هەڵاوسانەوەیە، باسی لە کەمبوونەوەی ساڵانەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکان و هاتنی شەپۆلی مەترسیداری "هەژارانی بێکار"ی کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ٦٠ لەسەدی هەژاران لە کەسانێ پێکهاتووە کە کار دەکەن وتی: ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕانتخۆرەکان و سیوخۆرەکان قەیرانێکی گەورەیان لە هێزی وەبەرهێنانی نەتەوەییدا ساز کردووە.

ناوبراو لەم پێوەندییەدا سەبارەت بە دیاردەی مەترسیداری "کارکەرانی هەژار" لە ئابووری سیاسی ئێراندا بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمەوە هۆشداری دا.

فەرشاد مۆئمێنی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە نوێنەرانی خاوەنکار سوورن لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت سەبەتەی بژێوی ١٤ ملیۆن تمەنی لە بەرچاو بگرێت و دەوڵەتیش خۆی وەک خاوەنکاری سەرەکی پشتی خاوەنکاران دەگرێت و ئەگەری هەیە کە لە ساڵی داهاتووشدا هاوشێوەی ئەمساڵ بە دژی دیاریکردنی حەقدەسی کرێکاران بەپێی نرخی هەڵاوسان بوەستێتەوە.

لە بەرامبەردا نوێنەرانی کرێکاران بە لەبەرچاوگرتنی نرخی هەڵاوسان، خوازیاری دابینکردنی سەوەتەی بژێوی ١٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەنی بۆ ساڵی داهاتوون.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پاش هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی نرخی کاڵا و شتومەک بە ڕێژەیەکی ١٢٥ تا ٢٩٠ لەسەدی گرانتر بووە و ڕێژیم بە پێچەوانەی ئەو بەرزبوونەوەیە و نرخی هەڵاوسان هەوڵ ئەدات تاکوو بە کەمترین ڕێژە حەقەدەسکان زۆر بکات و خەڵک لە نزیکی هێڵی هەژاریدا ڕابگرێت.