کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادی ئایینی ئەمریکا بۆ ناردنی دۆسییەی ڕێژیمی ئێران بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

11:21 - 24 رەشەمه 2723

داوای ئەوەی کە هەیئەتێک لە کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ـی هەتاوی لە ئێرانیان بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناو برد، کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادی ئایینی لە ئەمریکا داوای کرد کە دۆسییەی ڕێژیمی ئێران بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بنێردرێ.

ئێریک ئۆیلاند کۆمیساری کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادی ئایینی لەو پێوەندییەدا وتی: ڕاپۆرتی هەیئەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ڕەنگدانەوەی بەڵگە بەرفراوانەکانی پێشێلکاریی گەورەی ئازادیی ئایینی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوەیە، کە زۆرێک لەوانە بە تایبەتی ژنان و کچانی لە ئێران  کردووەتە ئامانج.

ناوبراو داوای لە حکوەمەتی جۆ بایدێن کرد کە بە جیددی پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکانی هەیئەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و هەروەها لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بکات و پشتیوانی لە پێشکەشکردنی دۆسییەی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات؛ ناوبراو خوازیاری سەپاندنی گەمارۆ جیهانییەکان، قەدەغەکردنی پێدانی ویزا بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ڕێوشوێنی هاوشێوە لەم بوارەدا بوو.

ماوەیەک لەمەوبەر هەیئەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە کردەوە دژەمرۆڤییەکانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی کەمینەکان دەربڕی.

لەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوایین لیستی ئەو وڵاتانە یان دامەزراوە و گرووپانەی کە ئازادی ئایینی پێشێل دەکەن یان بەرەوپێش دەبەن یان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان لە پرۆسەی پێشێلکردنیاندا هەیە بڵاو کردەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو لیستەدا بوو، ناوبراو لەو پێوەندییەدا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی وەک هێرشکردنە سەر پێکهاتە ئایینییەکان و کەمینەکان، توندوتیژیی جەماوەری، زیندانیکردنی درێژخایەن بەهۆی دەربڕینی بیروڕای ئاشتییانە، سەرکوتکردنی نەتەوەیی و هاندان بۆ توندوتیژی دژی گرووپە ئایینییەکان بکەن.