کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی نهێنیی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە حوسییەکان لە عەمان

11:26 - 24 رەشەمه 2723

ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور و هەروەها بەرنامەی ناوکیی ئێران، دانیشتنێکی نهێنییان لە عەمان بەڕێوە برد.

ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بریتانیا لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە هێرشی حوسییەکانی یەمەن و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم لە مانگی ژانوییەی زایینیدا کردووە.

بەپێی ڕاپۆڕتەکە "برێت مەک گرێک" ڕاوێژکاری کۆشکی سپی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و "ئابرام پیلی" جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران لەگەڵ "عەلی باقری کەنی" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی وتووێژە ناوکییەکانی ڕێژیم، لە عەمان وتووێژیان کردووە.

وتووێژەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بووە و بەرپرسانی عەمانی پەیامی دوو لایەنیان بۆ یەکتر ڕاگواستووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا  لەم پێوەندییەدا بە فاینەنشاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا ڕێگەی زۆری هەیە تا پەیامەکانی بە ئێران ڕابگەیەنێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی ئەمریکایی وتووێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە بە سوودمەند دەزانن تاکوو پێش بە پەرەسەندنی گرژییەکان بگرن.

هەر لەم پێوەندییەدا کاربەدەستێکی ڕێژیم بەم ڕۆژنامە بریتانیاییەی ڕاگەیاندووە کە ئێران ناتوانێت بە زۆر کارێک بە حوسییەکان بکات بەڵام دەتوانێت وتووێژەکان لەگەڵیاندا بەرەوپێش ببات.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی ماڵی و سەربازی لە حوسییەکان دەکات.

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کاتێ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودس مانگی ڕابردوو چووەتە بەغداد، داوای لە میلیشیاکان کردووە کارێک نەکەن کە ئەمریکا بەرەوڕووی ئێران بکەنەوە.

سەرەڕای هەموو ئەم دانیشتن و وتووێژانە و هەروەها هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و بریتانیا بە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ سەر حوسییەکان، ئەم گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کردنە ئامانجی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور تاکوو ئێستاش بەردەوامە.