
ئێوارەی چوارشەممە، ٢٣ی ڕەشەمە، مێهدی ڕەحمانی ، هونەرمەندی نیشتمانپەروەری خەڵکی سەقز بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای سەقز_بۆکان گیانی لەدەست دا.
ڕووداوەکە بە هۆی بەرکەوتنی دوو ماشین لە جۆری پێژۆ و وانت سایپا ڕووی داوە و مێهدی ڕەحمانی کە شۆفێری یەکێک لە ماشینەکان بووە لەم ڕووداوەدا گیانی لەدەست داوە.
ناوبراو هونەرمەندێکی خۆشناو و خۆشەویست لای خەڵکی کوردستان بوو و لە گۆرانییەکانی خۆیدا زۆر جار هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەودۆستیی خۆی دەردەبڕی، بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا کە لەم ڕێگایەدا زیاتر خزمەت بە نیشتمان و نەتەوەی بکات.
خراپی و ناستانداردبوونی ڕێگاکانی هاتوچۆ لە کوردستان و هەروەها ناستانداردبوونی ماشینەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی ڕووداوی لەم چەشنەن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەروەها ئۆگرانی دەنگ و هونەرەکەی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.