کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی هەڵبژاردنەکانی ئێران و ئەمریکا لە بەرزبوونەوەی نرخی دراو

12:38 - 24 رەشەمه 2723

ئەنجامی بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ئەگەری سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و داکەوتنی نرخی تمەنی ئێرانی.

دوای ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامی بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئێران و چوونی هەژمارێک لە کەسایەتیی توندڕۆ بۆ مەجلیسی ڕێژیمی ئێران نیگەرانییەکان سەبارەت بە پێگەی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ئەو کەسانە و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووریی ئێران گەیشتە لووتکە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەش سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی کۆماریخوازەکان و پشتڕاستبوونەوەی ئامادەبوونی وەک کاندیدی ئەم پارتە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە بڕیارە لە ١٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣دا بەڕێوە بچێت بە شێوەیەکی بەرچاو بازاڕی تمەنی ئێرانی هەژاند، و حەفتەی ڕابردوو نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا ئەوەندە بەرز بووەوە کە نرخی دۆلاری ئازاد ٦٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند و ژمارەی پێوانەیی شکاند.

کارناسانی ئابووری ڕایانگەیاندووە کە هەبوونی سزا نێودەوڵەتییەکان، بوونی ناوی ئێران لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی FATF، گەندەڵیی بەربڵاو لە پێکهاتەی حوکمڕانی، ڕانتخۆری و هەروەها پێکهاتەی ئێستای مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ئەو لێهاتووییە پێویستەی بۆ یاسادانان لە بواری ئابووریدا نییە و ئەم بابەتەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی ئابووریی ئێران لە ئەمساڵدا.

لەو پێوەندییەدا دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵدا هەوڵی داوە بە بڵاوکردنەوەی دراو لە بازاڕەکاندا و بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی چڕ، نرخی دراوە جیهانییەکان بەتایبەت دۆلار لە بازاڕی ئێراندا کۆنترۆڵ بکات.

بەڵام کاریگەریی ئەو کارانە کاتی و سنووردارە، هەر بۆیە ڕێژیمی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار لە ساڵی داهاتوودا دەبێ چاکسازی لە سیاسەتی گەورەی خۆی بخاتە نێو بەرنامەی کاری دەوڵەتەوە.

بەپێی پێشبینی و لێکدانەوەکان، دۆلار لە ساڵی ١٤٠٢ بە ڕێژەی نزیکەی ٥٩ بۆ ٦٠ هەزار تمەن کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ساڵی ١٤٠٣دا گۆشارەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران زۆرتر دەبن و دۆخی ئابووریی ئێران بەرەو خراپی دەچێ.

هەروەها پێشبینی ئەوە کراوە کە لە ساڵی داهاتوودا دۆخی بازاری نەوتی ئێرانیش بە هۆی دابەزینی گەشەی ئابووری چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوت کە ٩٠٪ نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەکڕی بەرەو خراپی و لاوازی دەچێ.