کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووتین هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمی لە ئەمریکا دەکات

12:42 - 24 رەشەمه 2723

ڤێلادیمێر پووتین سەرۆککۆماری ڕووسیە لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاندووە کە چەکە ناوکییەکانی ڕووسیە پێشکەوتووتر لە چەکە ناوکییەکانی ئەمریکان و ڕووسیە بۆ شەڕی ئەتۆمی ئامادەیە.

سەرۆککۆماری ڕووسیە لەم وتووێژەدا بە ئاماژەدان بە پشتیوانیکردنی ناتۆ لە ئوکراین ڕایگەیاندووە ئەگەر ئەمریکا هێزی سەربازی لە ئوکراین جێگیر بکات ڕووسیە ئەوە بە شەڕ دەزانێت.

پووتین زیادی کردووە کە لە ئێستادا دەسپێکی شەڕی ئەتۆمی بە پێویست نازانێت و ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی ئەم چەکانە لە ئوکراین هیچ پەلەیەکی نییە بەڵام  ڕووسیە ئامادەیی بۆ دەسپێکی ئەو شەڕە هەیە.

بە فەرمانی پووتین، ڕووسیە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا هێرشی کردە سەر ئوکراین و ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانیان لە ماوەی حەفتەیەکدا دەست بە سەر کیێڤدا دەگرن، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢ ساڵ لە شەڕێکی هەمەلایەنە و بە تێچوویەکی زۆر توانیویەتی نزیک بە بەشێک لە پێنج بەشی خاکی ئوکراین داگیر بکات.

لەم پێوەندییەدا کاناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی شەممە لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە نیگەرانییەکانی جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی ڕووسیە لە چەکە ناوکییەکان لە شەڕی ئوکرایندا کردبوو.

سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کۆمەڵێ زانیارییان پێ گەیشتووە کە نیشانی ئەدات بەرپرسانی ڕووسی لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا بە شێوەی ڕاشکاوانە باسیان لە هێرشی ئەتۆمی کردووە.