کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژەکان لە ئێران درێژەی هەیە

13:50 - 24 رەشەمه 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم سێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ ڕەشەمە، کۆمەڵێک لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوت و گازی ئاغاجاری لە بەردەم بینای بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی چاکسازیی هێڵی شەمەندەفەری یەزد لە بەردەم بینای قایمقامیەتی ئەم پارێزگایە و ژمارەیەک پەرستار لە نەخۆشخانەی بێهێشتیی یاسووج بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، داوای پێڕاگەیشتن بە مافەکانیان کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای نەوت و گازی ئاغاجاری بۆ ناڕەزایەتی بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان لە بەردەم بینای بەڕێوەبردنی ئەو کۆمپانیایە کۆ بوونەوە.

هەروەها، نزیکەی سەد کرێکاری چاکسازیی هێڵی شەمەندەفەری یەزد لە بەردەم بینای قایمقامیەتی ئەم پارێزگایە بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی.

ئەم کرێکارانە ناڕەزایەتیی خۆیان بۆ پێنەدانی پاشەکەوت و نەبوونی ئەمنییەتی کار و نەبوونی یارمەتیی دامەزراندن و نەبوونی بیمەی تەواوکەر دەربڕی.

هاوکات، ژمارەیەک لە پەرستاران کە لە نەخۆشخانەی بێهێشتی لە شاری یاسووج، بە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان، لەو نەخۆشخانەیە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بە هۆی قەیرانی ئابووری، گرانیی تێچووی ژیان و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکانی چین و توێژە جیاوازەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی ئێران لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەردەوام بن.