کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتیوانیی دەریای سوور بەردەوامە

13:53 - 24 رەشەمه 2723

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، تێرۆریستانی حوسی بە پاڵپشتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ڕەشەمە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن، مووشەکێکی دژەکەشتیی بالیستیکیان بەرەو کەنداوی عەدەن تەقاند.

بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام، ئەم مووشەکە بەر کەشتیەکان نەکەوتووە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە بە سەرکەوتوویی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی زەوی بۆ ئاسمانی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن خستوتە خوارەوە.

مانگی ڕابردوو وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، ئەمریکا جارێکی دیکە ئەو گرووپەی خستەوە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە و تاکوو ئێستاش چەند جارێک لەگەڵ بریتانیادا هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر حوسییەکان و پێگەکانی لە یەمەن بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکانییان ئەنجام داوە.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.