کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشتنی دەرمان لە بازاڕی ئازاد کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە

13:56 - 24 رەشەمه 2723

دۆخی بازاڕی دەرمان  لە ئێران خراپە و ڕووبەڕووی سنووردارکردنی دابەشکردن و کەمیی دەرمان بە هۆی دزەکردنی دەرمانەکان بۆ بازاڕی ئازاد بووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە کەمبوونی دەرمان لە دەرمانخانەکان و فرۆشتنیان لە بازاڕی ئازاد کردووە.

سەجاد ئیسماعیلی وتەبێژی ڕێکخراوی "خۆراک و دەرمان"ی ڕێژیم پشتڕاستی کردووەتەوە کە دیاردەی دزەی دەرمان بوونی هەیە.

ئیسماعیلی ڕایگەیاندووە کە نەخۆشەکان پاش وەرگرتن و بەکارهێنانی دەرمانەکان، بەشێکی دیکەی لە بازاڕی ئازاددا دەفرۆشن.

لەم پێوەندییەدا هاووڵاتییەک باسی لە ناڕوونبوونی دابەشکاریی دەرمان لە  ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کەسانێک هەن کە لە جیاتی یەک دەفتەرچەی بیمە چەند دانەیان هەیە و بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەندێک لە پزیشکان، دەرمان لە نێو دەفتەرچەکان دەنووسن و لە دەرمانخانەکان وەریدەگرن و پاشان لە بازاڕی ئازاد دەیانفرۆشنەوە.

لەم نێوانەدا دەرمانی نەخۆشییە تایبەتییەکان دژوارتر و گرانتر دەست دەکەون و هەر ئەوەش قەیرانێکی ئابووریی بۆ بنەماڵەی نەخۆشەکان دروست کردووە و هەندێکجار بنەماڵەکان بە ناچار دەرمانی ماوە بەسەرچوو لە بازاڕە ڕەشەکان بۆ نەخۆشەکانیان دابین دەکەن.

هومایوون سامەیەح ئەندامی کۆمیتەی تەندروستیی مەجلیس سەبارەت بە پرسی کەمبوون و نەبوونی دەرمان لە ئێران ڕایگەیاندووە "١٥٠ هەزار میلیارد تمەن بوودجە بۆ دەرمان پێویستە لەحاڵێکدا کە دەوڵەت تەنیا نیوەی ئەم پارەی بۆ دەرمان پەسەند کردووە".

نەبوونی بوودجە بۆ دەرمان لەکاتێکدایە کە ڕێژیم ساڵانە بە میلیاردها دۆلار بۆ سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی لە ناوچەکە و جیهان سەرف دەکات.