کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنییەکان لە ئێران

14:01 - 24 رەشەمه 2723

بە لەبەرچاوگرتنی هاتنی مانگی ڕەمەزان و هاتنی نەورۆز لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان میدیاکان باس لە بەرزبوونەوەی نرخی هەموو کەلوپەلێک لە بازاڕەکاندا دەکەن و پێدەچێت بەڵێنەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕێکخستنی نرخەکان لە بازاڕی کەلوپەلی سەرەتایی هێشتا دەستی پێ نەکردبێت.

هەر لەو پێوەندییەدا بنکەی هەواڵی پیشەسازی پەلەوەر و بەخێوکردنی ئاژەڵ ڕایگەیاند کە ڕەوتی بەرزبوونەوەی مریشکی سەربڕراو دەستی پێکردووە و هەر کیلۆیەک بە زیاتر لە ٨٠ هەزار تومەن دەفرۆشرێت.

لە لایەکی دیکەوە نرخی مریشک لە فرۆشگا ئۆنلاینە باوەڕپێکراوەکان زۆر زیاترە و هەر یەک کیلۆ مریشکی سەربڕراوی تەواو لە نێوان ٩٠ بۆ ١٢٠ هەزار تومەن و نرخی مریشکی لەتکراو و پاککراو لە نێوان ١٧٠ بۆ ٢٢٠ هەزار تومەن بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.

ڕۆژنامەی "ئیعتماد" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە  بارودۆخی بازاڕ نووسیویەتی، مانگی ڕەمەزان لەکاتێکدا گەیشتووە کە نرخی کەلوپەلی پێویست بۆ ئەو مانگە بە بەراورد لەگەڵ ڕەمەزانی پێشوو چەند قات بەرز بووەتەوە، و ژەمێکی بەربانگ بۆ خێزانێکی ٤-٥ کەسی لە کەمترین حاڵەتدا نزیکەی ٩٠٠ هەزار تومەن دەگرێتەوە.

هەروەها ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە ڕاپۆرتێکدا بەدواداچوونی بۆ قەیرانی بژێوی ژیان لە ئێران کردووە و نووسیویەتی کە بەپێی زانایرییەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان خواردنی هەموو جۆرە گۆشتێک لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا کەمی کردووە، و خواردنی گۆشت لای ئێرانییەکان یەک لەسەر سێ کەمتر لە تێکڕای بەکارهێنانی جیهانییە.

هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ماوەیەکی زۆرە کڕینی گۆشتی سوور لە سەبەتەی ماڵان لابراوە یان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە، چونکە نرخی گۆشتی سوور لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠٠٪ بەرز بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە شیکارییەک لەسەر ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران کراوە کە دەریدەخات ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی خۆراک و خواردنەوەکان لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا ٤٢.٥% بووە و هەروەها ئەم ژمارەیەش بۆ خۆراکگەلێکی وەکوو دانەوێڵە، گۆشت، شیر، پەنیر، هێلکە، ڕۆن و چەوری بە ڕێژەی ٤٥.١% ڕاگەیەندراوە.

لەم پێوەندیەدا ماڵپەڕی "تجارەت نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە بارودۆخی خەڵک لە سەروبەندی نەورۆزدا زۆر لە ساڵانی ڕابردوو خراپترە، و لە ئەمساڵدا نرخی برنج بە ڕێژەی ٢١٪، گۆشتی سوور بە ڕێژەی ٥٢٪، گۆشتی مریشک بە ڕێژەی ٣٧٪،  چا و خورما بە ڕێژەی ١١١٪، چەرەزات بە ڕێژەی ١٠٪  هێلکە و پەنیر بە ڕێژەی ٥١٪ و شەکر بە ڕێژەی ٧٤% لە بازارەکانی ئێراندا بەرز بوونەتەوە .