کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم

11:37 - 12 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە، ڕێژیمی ئێران خولێکی نوێ لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی خۆی بەڕێوە برد.

سەرەڕای پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەشداریی خەڵک لەم شانۆیەدا زۆر کەم بوو و سیاسەتی بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان سەرکەوت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە بڵاوکردنەوەی پۆست و نووسینی تایبەت، چوونە ڕیزی ئەو کەسانەوە کە داوای بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمیان کردبوو.

موژگان ئێفتخاری دایکی شەهید ژینا ئەمینی بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک لە ژینای شەهید لەسەر هەژماری ئینستاگرامی خۆی سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم کاردانەوی نیشان دابوو و نووسیبووی: لەو شوێنەی کە ئازادی نییە ئەگەر دەنگدان ئاڵوگۆڕی دروست کردبایە، ڕێگەیان بە دەنگدان نەدەدا.
سەلیم حەقیقی باوکی شەهید میلان حەقیقی بە دانانی وێنەی پەنجەیەکەی خوێناوی لەسەر هەژماری ئینستاگرامی و بە ئاماژەدان بە کوشتنی کچان و کوڕانی نیشتمان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا لەلایەن ڕێژیمەوە نووسیبووی: چۆن دەتوانن بۆ دەنگدان قامک بخەنە نێو خوێنی ئەو لاوانەی کە لەپێناو ئازادیی ئێوە و نیشتمان گیانیان فیدا کرد.
هیوا حوسێنپووری برای شەهید دوکتور ئازاد حوسێنپووری لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە وێڕای وەبیرهێنانەوەی خەبات و گیانبازیی لاوانی کورد لە بزووتنەوەی ژینادا، ڕوو لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: دەنگدان لەم ڕۆژەدا دەنگدانە بە بەندیخانە، سێدارە، برسییەتی و ڕەواییدانە بەوەی کە ڕێژیم لە  داگیرکردنی کوردستان بەردەوام بێت.
ناوبراو جەختی کردووەتە ئەوانەی کە خۆیان بەربژێر کردووە نوێنەری کورد نین و تەنیا مۆرەی ڕێژیمن لە تاران و داوای کردووە تاکوو خەڵك بەشداریی شانۆی ڕێژێم نەکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەحمەد حەسەنزادە باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کوڕە شەهیدەکەی هەڵوێستی گرت و بەشداری لەم شانۆیەی بە دەنگدان بە کوردکوژی لە قەڵەم دا.

هەژماری ئینستاگرامیی ئەمین مەعرفەت، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی شەهیدکراو لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامی لە شۆڕشی ژینا، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی هەڵپەڕکێی ئەمین مەعرفەت داوای لە خەڵک کرد دەنگ بە ڕێژیمی پەت و سێدارە نەدەن.

دیمەن سوڵتانی هاوسەری شەهید زانیار ئەبووبەکریش بە دانانی ستۆرییەکی راپرسی، نووسیبووی، من ئەمڕۆ لە ماڵ، ئێوە لە کوێن؟ ناوبراو بەم شێوازە داوای لە خەڵک کرد کە نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.

هەڵوێستی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ماوەی ڕابردوو سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان، لای خەڵکی کوردستان جێگای ڕیز بووە و گرینگیی تایبەتی پێ دراوە.