کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی ٧ هەڕەشەی سزای قورس لە ئێران دەکات

11:27 - 26 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەشەمە وڵاتانی ناسراو بە گرووپی ٧ هەڕەشەیان لە ڕێژیمی ئیسلامی کرد کە ئەگەر مووشەکی زیاتر هەناردەی ڕووسیە بکات، سزاگەلێکی قورس بە سەریدا دەسەپێنن.

گرووپی ٧ کە لە وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، کانادا، ئاڵمان، فەرانسە، ئیتالیا و ژاپۆن پێکهاتووە لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ ڕووسیە، ڕایانگەیاندووە بۆ جارێکی تر داوا لە لایەنە سێهەمەکانی شەڕ دەکەین کە ئەگەر پشتیوانی ماڵی و سەربازی لە شەڕێکی نایاسایی و داگیرکەرانە بە دژی ئوکڕاین ڕانەگرن، ئەوە بەرەوڕووی سزاگەلێکی قورس دەبنەوە.

لەم بەیاننامەدا سەبارەت بە هەناردەی مووشەکی بالستیک لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ ڕووسیە هاتووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەناردەی مووشەکی بالستیک و تێکنۆلۆژی پێوەندیدار بەوەوە بۆ ڕووسیە ڕانەگرێت، وڵاتانی ٧ بە یەکگرتوویی ئامادەی وڵامدانەوەیەکی بەپەلە و بەرچاویان دەبن.

هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئەمریکا لە چەند لێدوانێکی جیاوازدا سەبارەت بە هەناردەی مووشەکی بالستیک و چەکوچۆل لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ ڕووسیە، هەڕەشەی توندیان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری درێژەدان بەم کارە وڵامێکی توند و جیهانی، چاوەڕوانی ڕێژیمی ئێران دەکات.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی شیرکەتی "ئێران ئەیر"ی بۆ ئورووپا وەک نموونەیەک لە سزاکان ناو بردووە.