کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دێرینی حیزب لە باشووری کوردستان

12:05 - 26 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ۲٤ی ڕەشەمە، خاتوو "خەدیجە محەممەدئەمینی" ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکێک لە شارەکانی باشووری کوردستان بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو خەدیجە لە ئاوایی بێورانی سەر بە شاری سەردەشت لەدایک بووە و ساڵانێکی زۆر وێڕای هاوسەری کۆچکردووی کاک محەممەد گازۆڵی لەنێو ڕێزەکانی شۆڕشدا بوو.

کاک محەممەد و دادە خەجیج دوو مرۆڤی لەسەرەخۆ و بێ ئازار بۆ دەوروبەرەکانیان بوون  کە لە درێژایی تەمەنیاندا، ڕۆژگار تاڵیی زۆری بەسەردا هێنان.

خاتوو خەدیجە و هاوسەرەکەی نموونەیەک لە بنەماڵە چەوساوەکانی کوردستان بوون کە بە باوەڕەوە هاتنە نێو ڕیزەکانی شۆڕش تاکوو وەک باقی شۆڕشگێرانی دیکە هەوڵ بۆ گۆڕینی چارەنووسی نەتەوە و میللەتەکەیان بدەن.

ئەوان کەسانێکی ڕۆح سووک بوون کە لەگەڵ هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی شاخ و تاراوگەدا هەر لە شۆڕش دانەبڕان.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.