کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ٥٤٨ کرێکار لە پاییزی ئەمساڵدا

12:30 - 26 رەشەمه 2723

ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتێکی نوێدا سەبارەت بە بارودۆخی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ئێران، بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدانی کرێکاران بە هۆی ڕووداوەکانی کاری ڕاگەیاند. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوی کار لە پاییزی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ پاییزی ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٢٥ حاڵەت زیادی کردووە.

ڕۆژنامەی شەرق بە شیکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە نوێیەی ناوەندی ئاماری ئێران نووسیویەتی لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا ٥٤٨ کرێکار لە ئەنجامی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە، و هەروەها لە هاوینی ئەمساڵدا ژمارەی برینداربوونی کرێکاران لەو کارگایانەی کە یاسای کاریان هەیە هەزار و ٨٨١ کەس بووە، لەو ژمارەیەش ١٨٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و هەزار و ٦٧٩ کەسیش بریندار بوون.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە لە هاوینی ئەمساڵدا لانیکەم ٥١١ کرێکار بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە هەزار و ٧٧٧ کرێکار بوون.

جێگای سەرنجە کە زۆربەی ئەو کرێکارانەی کە برینداربوون کرێکاری بیناسازی بوون و لە دەرەوەی بازنەی یاسای کار کاریان دەکرد و ئەو کرێکارانە لە کەمترین پشتیوانی وەکوو بیمە و گەرەنتی کاری و ئەمنییەتی کار بێبەش بوون.

ئاژانسی هەواڵی هێرانا، لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی کە ئەمساڵ زیاتر لە ٧٠٪ی ئەو کرێکارانەی کە بە ڕووداوی پەیوەندیدار بە کارەوە گیانیان لەدەست داوە، لە بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بێبەش بوون. زۆربەی ئەو گیانلەدەستدان و برینداربوونانەی بەهۆی ڕووداوی کارەوە  لە ئەنجامی نەبوونی سەرپەرشتیکردنی سەرەتایی لە شوێنی کارەکان و نەبوونی ئەمنییەتی کار ڕوویان داوە.