کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی ژینا بە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان، درێژەی دەبێت

12:21 - 12 رەشەمه 2723

شۆرای خانەنشینکراوانی ئێران لە کاردانەوە بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی هەینی ١١ ڕەشەمەدا ڕایگەیاند، بە بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکان، بزووتنەوەی گەورەی "ژن، ژیان، ئازادی"، درێژەی دەبێت.

شۆرای خانەنشینکراوان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاندووە: پڕۆپاگەندەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم و درێژکردنەوەی ماوەی دەنگدانیش ناتوانێت ئەو ڕاستییە بگۆڕێت کە دووریی خەڵک لە حکوومەت، لە زەوییەوە بۆ ئاسمانە.

ئەم شۆرایە لە زاری یەکێک لە ئەندامەکانییەوە نووسیویەتی: پێشوازیی خەڵک لە هەموو دەورەکانی پێشوو کەمتر بووە و بەرپرسان دەبێ بزانن کە دەبێ بە بێ توندوتیژی دەنگی ئێمە ببیستن.

هەر لەم پێوەندییەدا یەکیەتیی کرێکارانی ئێران لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بە ئاماژە بە چەواشەکارییەکانی ماڵپەڕەکانی وەک فارس و ئیرنای سەر بە ڕێژیم سەبارەت بە بەشداریی زۆری خەڵک، باسی لەوە کردووە کە لە هەموو بنکەکاندا ئەوە فەرماندەکانی سپا، مەداحەکان، کەسایەتییەکانی سەر بە ڕێژیم و خودی خامنەیی بوون کە چووبوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و پێشتر لەو بنکانەدا سازمان درابوون.

ئەم یەکێتییە زیادی کردووە بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەموو ئامارە ساختەکان و پڕوپاگەندەکان سەبارەت بە ئاکامی شانۆی هەڵبژاردنەکان، شکستی شانۆکە و سەرکەوتوونەبوونی ڕێژیم لە هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بە ڕوونی دیار و ئاشکرایە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی یەکیەتیی کرێکارانی ئێران، کۆماری ئیسلامی پاش شانۆی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە بە ڕێژەیەکی زیاتر پەککەوتە و گۆشەگیر بووە و ڕەوایی خۆی لەدەست داوە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە پاش ئەم شکستە، خەباتی مەدەنیی ژنان، لاوان، بزووتنە مافخوازییەکان و خەبات بە دژی دیکتاتۆرییەت و سەرکوتی خەڵک و لەسێدارەدان، بۆ جارێکی دیکە بەربڵاوتر بێتەوە.