کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا ڕۆڵی هەبووە

12:42 - 26 رەشەمه 2723

هزرگەی شۆڕای ئاتلانتیک لە واشینگتۆن لە ڕاپۆڕتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکەدا ڕۆڵی هەبووە.

لە بەشیکی ئەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی و پاش کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن هێزی تایبەتی ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلام لە کاتی هێرش بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد، بە ئەنقەست هەرێمی ئاسمانیی ئێرانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: لەم نێوانەدا بە مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە قەڵغانی مرۆیی لە بەرامبەر کاردانەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد، کۆماری ئیسلامی موسافیرەکانی فڕۆکەیەکی کردە قوربانی.

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە هێرش بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد بە ئاگاداریی ئەمریکا لە ڕێگەی بەغدادەوە بووە و تەنیا بە مەبەستی پاراستنی پێگەی عەلی خامنەیی لە نێوخۆدا و بۆ لایەنگرانی، ئەنجام دراوە.

لێکۆڵینەوەکانی ئەم شۆرایە دەری دەخات کە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە هەموو بڕیارەکانی پێوەندیدار بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە هەتاکوو ڕانەگەیاندن و داپۆشینی لە پاش ڕووداوەکە، دەستی هەبووە.

فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئۆکراینی کە لە تارانەوە بەرەو کیێڤ دەچوو، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا چەند خولەک پاش هەستانی لە فڕۆکەخانەی خومەینی، بە دوو مووشەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران کرایە ئامانج و ١٧٦ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا.

کاربەدەستانی ڕێژیم بە تێکڕایی لە سەرەتاکاندا خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕەت کردەوە بەڵام دواتر بە هۆی دەرکەوتنی بەڵگە و نیشانەکان ناچار بە دانپێدانان بوون.