پاریزەری ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی شەهید کۆمار کەرەمی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، باسی لە دادگاییکرانی ناوبراو لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژم، بۆ چوار تۆمەتی جیاواز کرد.
عەلی شەریفزادە ئەردەکانی، ڕایگەیاندووە کە تۆمەتەکانی "چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم" و "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" دراونەتە پاڵ ماشەڵڵا کەرەمی کە دادگای ئینقلابی کەرەج بەدواداچوون بۆ ئەم تاوانانە دەکات.
ماشەڵڵا کەرەمی لە بنەماڵە دادخوازەکان لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە "خواردنی ماڵی ناڕەوا"، و بەپێی "ماددەی ٩ی یاسای خەبات دژی سپیکردنەوەی پارە" تۆمەتبار کراوە کە دادگاییەکەی لە دادگای کەیفەری ٢ی نەزەرئابادی کەرەج بەڕێوە دەچێ.
دادگای کەیفەری ٢ی نەزەرئابادی کەرەج کاتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ناوبراوی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ دیاری کردووە، لەحاڵێکدا کە دادگای کەرەج هێشتا کاتی پێڕاگەیشتن بەم دۆسییەی دیاری نەکردووە.
عەلی شەریفزادە جەختی کردووەتەوە کە پارێزەرەکان تاکوو ئێستا ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن و خوێندنەوەی دۆسییەکەیان پێ نەدراوە و تەنیا نامەی دادگایان بەدەست گەیشتووە.
هێزەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، هێرشیان کردە سەر ماڵی ماشەڵڵا کەرەمی و خۆی و بنەماڵەکەیان دەسبەسەر کردن و دەستیان بەسەر هەموو کەلوپەلێکی ئێلێکترۆنیکی لەوانە لەپتاب و مۆبایلەکانیاندا گرت.
کۆمار کەرەمی، کوڕی ماشەڵڵا لەگەڵ محەممەد حوسێنی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و بەشداری لە کوشتنی ڕوحوڵڵا عەجەمیان لە هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیجی ڕێژیم کە لە ڕۆژی چلەی شەهیدبوونی حەدیس نەجەفیدا کوژرابوو، لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە لە ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ لە سێدارە دران.