کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەدەغەکردنی چالاکیی ئێران ئەیر لە ئورووپا

17:49 - 26 رەشەمه 2723

ئەمریکا هۆشداریی بە رێژیمی ئێران داوە کە لە ئەگەری ڕادەستکردنی مووشەکی بالستیک بە ڕووسیە، چالاکییەکانی ئێران ئەیر لە ئورووپادا قەدەغە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە پەیامی ئێمە ڕوونە، ئەگەر ڕێژیمی ئێران مووشەکی بالستیک بە ڕووسیە بدات، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی خێرا و توند دەبێت.

ناوبراو باسی لە کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئیران ئەیر، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئاڵاهەڵگری ڕێژیم وەکوو یەکێک لە بژاردەکان کردووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران، لانیکەم ٤٠٠ مووشەک لە مووشەکی کورتمەودای فاتحی ١١٠ و زولفەقاری ڕادەستی ڕووسییە کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٢٥ی ڕەشەمە، گرووپی ٧ بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند کە پێدانی مووشەکی بالستیک بە ڕووسیە بۆ کەڵکوەرگرتن لەم مووشەکانە لە شەڕی دژی ئۆکراین، گەمارۆی نوێ و توندی بەدواوە دەبێ.

ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام سەبارەت بە هاوکاریی بەرگریی ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران، هۆشداریی داوە.