کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئەرکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کرد

17:50 - 26 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەشەمە مەتیۆ میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: واشنگتۆن بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پشتیوانی لە  بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا ترسناکە.

کازم غەریب ئابادی سکرتێری ستادی مافی مرۆڤی دەزگای دادوەری ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی یەکەمین ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، وتی: کۆماری ئیسلامی خۆی بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووە کردووە و کۆمیتەی بەناو دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لە پرۆسەیەکی سیاسیدا دروست بووە، بە فەرمی ناناسێت.

کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕایگەیاندووە کە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ئەم ناڕەزایەتیانە و هەڵاواردنی بەربڵاو لە دژی ژنان و کچان بووەتە هۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.

ئەو کۆمیتەیە ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاندووە کە ئامارە باوەڕپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٥٥١ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، کە لانیکەم ٤٩ یان ژن و ٦٨ یان منداڵ بوون.

ئەرکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە سەبارەت بە خرا بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت سەبارەت بە دۆخی ژنان و منداڵان.

حەفتەی ڕابردوو ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، کاردانەوەی بەرامبەر بە یەکەم ڕاپۆرتی لێژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکان نیشان دا و بەتوندی شەرمەزاری کرد، و ناوبراو ئەو ڕاپۆرتەی بە دووبارەکردنەوەی ئیدیعای بێ‌بنەما، لەسەر بنەمای زانیاریی درۆ و دوور لە یاسا ناو برد.