کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس پلانێکی نوێی بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان ڕاگەیاندووە

18:11 - 26 رەشەمه 2723

حەماس بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان پلانێکی نوێی ڕاگەیاندووە و وتوویەتی لە قۆناغی یەکەمی ئەم پلانەدا لە بەرامبەر ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ زیندانی فەلەستینیدا، ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و نەخۆشانی ئیسرائیلی بەدیل گیراو ئازاد دەکات.

بزووتنەوەی موقاومەتی ئیسلامیی فەلەستین، پلانی ئاگربەستی پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەی دانوستانەکان کردووە، کە بریتییە لە ئازادکردنی زیندانییانی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییانی فەلەستینی کە ١٠٠ کەسیان زیندانی کراون بەسەربردنی سزای هەتاهەتایی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا.

بە پێی ڕاپۆرتی رویتەرز، دەوری یەکەم، ئازادکردنی زیندانیانی ژن، منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشەکانی ئیسرائیلی لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ زیندانیی فەلەستینی.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ ڕەشەممە، باسی لەوە کرد، پلانی ئاگربەست کە حەماس پێشنیاری کردووە، لەسەر بنەمای داواکاری ناڕاستەقینە دامەزراوە.

بەرپرسانی حەماس ڕایانگەیاندووە،  بەهۆی ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکانیان لەلایەن نەتانیاهۆوە، دانوستانەکانی ئاگربەست لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لاواز بووە. تا ئێستا حەماس پێداگری لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە و گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە لە باشوورەوە بۆ ناوەند و باکووری غەززە و هاتنە ناوەوەی بێ بەربەستی یارمەتییە مرۆییەکان دەکرد.

حەماس لەم پلانە نوێیەدا دوای ئازادکردنی بە دیل گیراوان ، تاوتوێی وادەی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات.

هەروەها بەپێی ئەم پلانە لە قۆناغی دووەمی دا سەرجەم دەستگیرکراوانی هەردوولا ئازاد دەکرێن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە، وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر فەلەستینییەکان کە لە گۆڕەپانی کوەیت لە شاری غەززە چاوەڕێی یارمەتییە مرۆییەکان بوون، لانیکەم ٢٠ کەسیان کوشت و ١٥٥ کەسیشیان بریندار کرد.