کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی بۆ پێشگرتن لە قاچاخی چەکوچۆڵی ئێران بۆ حوسییەکان چڕتر دەکاتەوە

11:32 - 27 رەشەمه 2723

بڵاڤۆکی واشنگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە زۆربوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور کردووە و ڕایگەیاندووە کە چەکوچۆڵی حوسییەکان دروستکراوی ئێرانن هەر بۆیە جۆ بایدێن، سەرۆکۆماری ئەم وڵاتە لە هەوڵدایە تاکوو پێش بە قاچاخی چەکوکۆڵی ئێران بۆ حوسییەکان بگرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هەوڵەی ئەمریکا بەشێک لە ستراتێژییەکی گەورەترە کە گۆمارۆ و گوشاری دیپلۆماتیکیش لەخۆ دەگرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، کێنت فرانک، بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە وەستاندنی چالاکییەکان بۆ ناردنی چەکوچۆڵ لە ئێرانەوە بۆ حوسییەکان، کارێکی زۆر گرینگە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە مانگی نۆڤامبرەوە، لانیکەم ١٠٥ هێرشی تۆمار کردووە کە لانیکەم ٤٠ هێرشیان لە حەفتەی ڕابردودا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەناراوەکانی یەمەن بووە.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، ئەو چەکوچۆڵەی کە لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی ئاوە ێونەتەوەییەکان بەکار هێنراوە، جۆرەکانی پەهباد، مووشەکی بالستیک و چەکوچۆڵی نیزامیی دیکە لە خۆ دەگرێت.

بەرپرسێکی ئەمریکایی هەر لەمبارەوە ڕایگەیاندووە ئەو وڵاتانەی کە بە هۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە لە بواری ئابوورییەوە زیانیان پێ گەیشتووە دەبێ هەوڵێکی زۆرتر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو گرووپە بدەن.

ئەمریکا و بریتانیا بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، درێژە بە هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان دەدەن.