بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی خوێندنی ئەمساڵدا ڕێژەی وازهێنانی قوتابییانی سەرەتایی لە خوێندن ٢٥٪ زیادی کردووە.
میدیاکانی ئێران باسیان لە زیادبوونی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هەژاری کرد و ڕایانگەیاند کە پەیوەندییەکی بەرچاو لە نێوان وازهێنانی خوێندکار و هەژاریدا هەیە و لە ساڵی خوێندنی ١٤٠٢-١٤٠١دا ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە هەموو ئاستەکانی پەروەردە زیادی کردووە.
هەروەها ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران نیشان دەدات کە لەم ساڵەی خوێندندا ڕێژەی وازهێنانی قوتابییان لە ئاستی سەرەتایی لە کوڕاندا ١.٢١٪ و ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنی کچان ١.١٩٪ بووە، کە بە وااتەیەکی تر زیاتر لە ١٧٥ هەزار کەس لە ساڵێکدا وازیان لە خوێندن هێناوە.
ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد"، ئاماری پێشووی کەسانی دواکەوتوو لە خوێندنی سەرەتایی نزیکەی ١٤ هەزار کەس ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی هۆکاری سەرەکیی بەجێهێشتنی خوێندن لەم ئاستەی خوێندندا کێشەی ئابووریی خێزانەکانە.
هەروەها ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە قۆناغی دووەمی ئامادەیی بە ڕێژەی ١.٧٢٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٪ لەم ساڵەدا، بەو پێیە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنی کچان بووە بە ٣.٥٪ و هەروەها ڕێژەی وازهێنانی کوڕان بووە بە ٤.٥٪.
ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە گرینگترین هۆکاری وازهێنان لە خوێندن لە ئێراندا، نەبوونی توانا بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ درێژەدان بە خوێندنە و لە هەندێک حاڵەتدا منداڵان دوای وازهێنان لە خوێندن ناچار دەبن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان کار بکەن.